وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بەشداربوونی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئادار، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، ئێمە بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە
وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هێزەکانیان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن و ئاماژەی بەوە کردووە: پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەرکی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندن بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندا بۆ پاراستنی ناوچەکە.

