رۆژنامەی ھەولێر

کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگای مەزاری ئەنفالکراوان و ڕێگای گوندی دێبنە و چاڵەسورک بەردەوامە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگای مەزاری ئەنفالکراوان و ڕێگای گوندی دێبنە و چاڵەسورک بەردەوامە و ڕێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکە گەیشتووەتە %87.

ڕۆژی هەینی 13ـی ئادار، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند: کارکردن لەپرۆژەی دروستکردنی ڕێگای مەزاری ئەنفالکراوان و بەیەکەوەبەستنی ڕێگای بینای نزیکی مەزارەکە، ڕێگای گوندی دێبنە و چاڵەسورک لە شارەدێی سەرقەڵا و شارەدێی کۆکس سەر بە شاری کفری لە گەرمیان بەردەوامە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆژەکە پێکهاتووە لە رێگایەک بە درێژی 6.4 کم، بەگوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی گەرمیان سەرپەرشتی دەکرێت، کۆمپانیای دەرسیم جێبەجێی دەکات و رێژەی ئەنجامدراو گەیشتووەتە %87.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هاتووە، پڕۆژەکە بایەخی گەورەی بۆ ناوچەکە دەبێت و به‌ ته‌واوبوونی گرفتی هاتوچۆی گوندەکانی ئەو سنوورە چارەسەر دەبێت، هاوکات لە ڕووی كشتوكاڵی و گه‌شتیارییەوە سودی زۆری دەبێت.