رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕا بوون کە هەستیاریی قۆناغەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەخوازێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزن.

نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی بەردەوام دەبێت، تاکوو هەرێمی کوردستان بە ئارامى و سەقامگیری ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی بەڕێزیانی لەمبارەیەوە بە گرنگ نرخاند.