فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە دەکرێنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان، هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات سنوورێك بۆ هێرشەکان دابنێت.
ڕۆژی سێشەممە 10ـی ئادار، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکات کە دەکرێنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بە ئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان، کە بە تەواوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو کونسوڵگەری گشتیی ئیمارات لە هەولێر کراوەتە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوە ژیان بووە لە ناوچەکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی عێراق بگرێتە ئەستۆ و ڕێگری لەو دەستە و گرووپە توندڕەو و لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆی عێراق بکات کە بەبێ بیانوو بەردەوام هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.

