ڕائیب جادر – هەولێر
سبەی چوار شەممە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئادارە، کە تێیدا شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئامانجەکانی خۆی بەدەستھێنا، بارزانیی نەمر، ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی ڕژێمی عێراق و بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، ھەڵگیرساند، ڕێککەوتننامەکە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و مێژوویی بوو بۆ گەلەکەمان.
ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە پێشەکییەک و ٢٢ بڕگە کە ١٥ بڕگەیان ئاشکرا و ٧ بڕگەیان نھێنی بوون، ئەو بڕگانەی نھێنی بوون پەیوەندیان بە دیاریکردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان و ھەمواری دەستووری عێراق و چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانەوە ھەبوو کە کەرکووک و خانەقین و شنگال دەگرێتەوە.
ڕێککەوتننامەی ١١ ئادار بە دەستکەوتێکی بێ وێنە لە مێژووی سیاسیی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر ئەژمار دەکرێت، بەتایبەتی دانپێدانی فەرمی دەوڵەتی عێراق بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا بە وەچەرخانیکی گرنگ لە تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ پرسی کورد و مافە ڕەواکانی ئەژمار دەکرێت و لە لایەکی ترەوە بۆ یەکەمجار لە میژووەکەیدا کورد بە فەرمی دەبووە خاوەن حکوومەتێکی یاسایی و دەستووری.
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار ئەو ڕۆژە مێژووییە کە بۆتە سیمبولی خەبات و بۆنەیەکی نەتەوەیی، چونکە لەم ڕۆژەدا دوو ڕووداوی گرنگ تۆمارکراون کە ھەردووکیان شایەنی ستایشکردنن بۆ ھەتا ھەتایە، یەکەمیان ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە سەرۆکایەتی بارزانیی نەمر لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئیمزا کرا، کە بریتی بوو لە ڕێککەوتننامەیەکی زۆر گرنگ و مێژوویی و تایبەتمەند کە لە چەندین بڕگەی گرنگ پێکھاتبوو سەرجەم برگەکان بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان بوو، ھەروەھا ڕووداوی دوومیان ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١ کە جەماوەری شاری ھەولێر ڕاپەڕینێکی مێژوویی تۆمارکرد و حکوومەتی بەعسی بۆ ھەتا ھەتایی ڕاماڵی.
چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، باس لەوە دەکەن ئەو ڕێککەوتننامەیە لە دوای پەیمانی سیڤەر بە دووەمین دەستکەوتی ڕێککەوتننامەیەک دادەنرێت کە تێیدا حکوومەتی عێراق بە فەرمی دانی نا بە مافە نەتەوەیەکانی گەلی کورد، چونکە بەیاننامەکەی ١١ی ئادار لەو کاتەدا بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد ھەژمارکرا، چونکە لە ساڵی ١٩٧٠ کوردەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان مافەکانیان بە تەواوەتی پێشێلکرابوو بە ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە بەشێوەیەکی فەرمیی دان بە مافی کورد نرا لە کوردستانی عێراق و ئەویش بووە قۆناغێکی نوێ بۆ گەلی کوردستان بۆ بەردەوامبوون لەسەر بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی، ھاوکات بە درێژایی ئەو ماوەیە، تاڕادەیەک ئاشتی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار بەرھەمی چەندین ساڵ خەبات و تێکۆشانی شۆڕشی ئەیلوول بوو ئەو شۆڕشەی کە مێژوویەکی لە خەبات بۆ میللەتەکەمان دروستکرد، ئەو شۆڕشەی کە مێژوویەکی لە خەبات بنیادنا کە بەھەرمەکەی ھەستی پێ دەکرێت.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بخشێنینەوە دەبینین ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی مافی میللەتی کوردستان، چونکە ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕژێمی عێراقی ناچارکرد دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت و فەرمانرەوایی خۆبەڕێوەبردن (ئۆتۆنۆمی) بۆ گەلی کوردستانی لێکەوتەوە و زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی لە عێراق ناساند و دەبوایە دەستووری تێدا ھەموار بکرابایە و لە ئەنجام خۆی لەوە بینابایەوە کە خەڵکی عێراق لە دوو نەتەوە پێکھاتوون ئەویش بریتین لە نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد، بۆ یەکەمجار لەژێر کاریگەری شۆڕشدا توانرا بەشێوەیەکی فەرمی ئەو مافانە بۆ گەلی کوردستان دەستەبەر بکرێت، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیاربوو تا ساڵی ١٩٧٧، لەڕێگەی سەرژمێری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکوومەتی عێراق بکات.
بە درێژایی ماوەی نێوان گفتوگۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە سەرۆکایەتی بارزانیی نەمر و حکوومەتی بەعس لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٧٠ تا ئەو کاتەی گەیشتە بواری ئیمزا کردن، بارزانیی نەمر سەردانی شاری بەغدای نەکرد، واتە بۆ ھیچ دانیشتنێک نەچووە پایتەختی دەوڵەتی عێراق، بەڵکو ئەوانی ھێنایە بارەگای سەرکردایەتی شۆڕش، ئەوەش بەو مانایە دێت بە ھیچ شێوەیەک سازش و لاوازی بەرامبەر ئەوان نیشان نەدا، لە کاتێکدا بەپێی ھەموو پێوەرە سیاسی و نەریتە دیبلۆماسییەکان دەبوایە سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکە کە داواکاری و جێبەجێکارەکانی لە پایتەخت بوون، سەردانی ناوەندی وڵات بکات و لەوێ بە ئامادەبوونی خۆی ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەکە بکات، گەورەیی بارزانیی نەمر لەوەدا بوو بۆ یەک چرکەش ئەو کارەی نەکرد.
دوای چوار ساڵ لە ڕێککەوتن و گفتوگۆ، حکوومەتی عێراق لە ڕێککەوتنەکە پاشگەزبووە و دواتریش ڕێککەوتنی جەزائیر لە ١٦/٣/١٩٧٥ لەگەڵ شای ئێران ئیمزا کرد بە دەستبەرداربوونی بەشێک لە خاکی عێراق لەبەرامبەردا شای ئێران ھاوکاریەکانی بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان ڕابگرێت و بەمەش کۆتایی بەو ھەوڵە ھات کە بۆ دۆزی کورد لە عێراقدا ھاتبووە ئاراوە.
مێژوونووسان و نووسەران بە گرنگییەوە لەو ڕێککەوتننامەیە دەڕوانن و بە دەستکەوتێکی گرنگی دەزانن، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار وەچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، ڕێککەوتنەکە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و تەعریبکردنی خاکەکەی، بۆیە سەرەتایەک بوو بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کە گەلی کوردستان لە عێراقدا بوونی ھەیە.
ڕەسوڵ حاجی، ئەو پیاوەی ڕێککەوتننامەکەی نووسیوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت، مانگێک بوو لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و بەغدا ئاڵوگۆڕ بە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکە دەکرا تا سەرەنجام لە دوو توێی ١٥ خاڵیدا بەیاننامەی ١١ی ئادار ڕاگەیێنرا.
پێشتر ڕەسول محەممەد، نووسەری ڕێککەوتنامەکە، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی گوتبوو، دوای نووسینەوەی ڕەشنووسەکە لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بە بڕیاری بارزانیی نەمر پێداچوونەوەی بۆ کرا، نوری شاوێس، د.مەحموود عوسمان، حەبیب محەممەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، سامی عەبدولرەحمان و چەند کەسێکی دیکە کە زمانی عەرەبیان دەزانی بە ڕەشنووسەکەدا چوونەوە و دواتر ڕەشنووسەکەمان دایە مەکتەبی سیاسی بۆ پێداچوونەوە، دواجار لە ڕێکەوتی ١٠ لەسەر ١١ـی ٣ـی ١٩٧٠، دوای ھاتنی سەدام حوسێن بۆ چۆمان، ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کرا، کە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، کارێزمایی و ھەیبەتی بارزانیی نەمر لەوەدا دەرکەوت کە توانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ناچار بکات لە بەغداوە بێنە ناوچەی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی و گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیی نەمر بکەن و ڕێککەوتننامەکە ئیمزا بکەن.
ڕەسول محەممەد، ئاشکراشی کرد: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار خاڵەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسرانەوە، بە ئامێری چاپ نووسیمان و بە ڕۆنیۆش کۆپیمان کرد، کارەبا نەبوو، لە ژوورە قوڕینەکەمان لەبەر فانۆس کارەکەمان تەواو کرد، شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، چونکە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھات، بە دەست و پەنجەکانی خۆم نووسییەوە.

