سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی سی و پێنجەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕین و پەنجا و شەشەمین یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار لە کوردستان دەکرێتەوە کە دۆخێکی نوێی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەر ناوچەکەدا زاڵە و جەنگێکی دیکە هەڵگیرساوە و دیار نییە ئاکامەکانی ئەو جەنگە چی دەبێت و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان چۆن دەبێت.
سبەی چوارشەممە ئەو ڕۆژەیە کە شەپۆلی ڕاپەڕینی بە شکۆی ١٩٩١ گەیشتە هەولێری پایتەخت و خەڵکی قەڵا و مەنارە بە یەکدەنگ ڕاپەڕین و دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی ڕانیە و سلێمانی و کۆیە و مەشخەڵی ئازادییان بەدەستەوە گرت بۆ ئەوەی بۆ شارەکانی دیکەی دهۆک و کەرکووکی بگوازنەوە.
راپەڕینی هەولێر خاڵێکی وەرچەرخان و یەکلاکەرەوە بوو لە سەرخستنی ڕاپەڕین و خستنەخوارەوەی تەختی دەسەڵاتی بەعس لە دیرینترین شاری کوردستان. ڕاپەڕین لەگەڵ ئاگری نەورۆز و ئازادکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان بە ئاکام گەیشت و یەکەم بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینەش ئەوە بوو، کوردستان کەوتە دەستی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و دامەزراندنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی بەدواوە بوو، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گوێرەی پێگەی جەماوەرییان توانیان بچنە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
هەرچەندە ئەو ئەزموونەی دەسەڵاتی کوردی بێبەری نەبووە لە ڕووداوی تاڵ و شەڕ و گرانی و قەیرانی جیاواز، بەڵام هەر چییەک بێت بووە جێی هیوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گەلی کورد بە ئومێدەوە لەو دەسەڵاتەی ڕوانی و لە پێناوی پاراستنیدا ئامادە بوو قوربانیی زیاتر بدات.
وەک ئاشکرایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کەوتە قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابووری و بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق چەسپێنران و هۆکاری ئەو دەستکەوتەش یەکڕیزی و هاوگوتاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سەرووی هەموویان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
لە سایەی ئەو یەکدەنگییە و هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی دووئیدارەیی، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و پایەکانی دەوڵەتداری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون، داهاتی نەپاڵاوتووی ساڵانەی تاکی کورد بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێشی هاووڵاتییانی عێراق کەوتەوە. بە سەدان کۆمپانیای بیانی بەمەبەستی وەبەرهێنان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاوەدانکردنەوە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی تەنی. پێگەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر بەهێزتر بوو و سەرۆکی و دیپلۆماتکارانی دنیا پەیتا پەیتا ڕوویان تێ دەکرد.
ئەم دۆخە تا کۆتایی ٢٠١٣ بەردەوام بوو بەڵام لە قۆناغی دواتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا، سەرهەڵدانی داعش، قەیرانی ئاوارەکان و بەردەوامیی دوژمنکارییەکانی عێراق و گەمارۆی ئابووری و کۆرۆنا و دووبەرەکیی ناوخۆیی زیانی زۆری بە هەرێمی کوردستان گەیاند و بژێوی خەڵکی خستە ژێر کاریگەری.
هەرێمی کوردستان لەوەتەی دامەزراندنیەوە بە هەوراز و نشێوێکی زۆردا تێپەڕیوە و دەیان قەیران و تەنگژەی تێپەراندووە و لە لایەن ڕژێمەکانی بەغدا، بە دەسەڵاتی ئێستای فیدراڵییەوە دژایەتی کراوە، جگە لەمە دوژمنانی سوێندخۆری کورد هەرگیز چاویان بەو دەستکەوتانە هەڵنەهاتووە و بۆیەش بە هەموو جۆرە بیانوویەک هەوڵیان داوە کێشە و لەمپەر و قەیرانی بۆ بهێننە کایەوە.
وەک نوێترین نموونە شەڕی وڵاتانە لەگەڵ یەکتر کەچی چاوەکان هەمووی لەسەر کوردستانن و وەک ئەوەی کورد هەڵگیرسێنەری جەنگ بێت، درۆن و مووشەک ڕەوانەی کوردستان دەکرێن و هەوڵ دەدەن ئاسایش و ئارامیی کوردستان تێکبدەن.
هاوکات سبەی پەنجاو شەشەمین یادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادارە کە بۆ یەکەم جار دەسەڵاتی بەعس دانی بە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی نا و کورد دوای چەندین دەیە لە خەبات و بەربەرەکانی و سەرخستنی شۆڕشی ئەیلوول بەو دەستکەوتە گەیشت. دەسەڵاتی بەعس ئەگەر نیەتی بەرامبەر کورد پاک بوایە و ڕێزی لە مافەکانی گەلی کورد گرتبا و دژی کورد دەستی لەگەڵ وڵاتانی دیکە تێکەڵ نەکردبا، ڕەنگە هەرگیز نەهامەتییەکانی دواتری وەک جەنگ و قەیرانە جیاوازەکان بەربینگی عێراقیان نەگرتبا.
ئەوەی لەسەرجەم قۆناغە مێژووییەکان کوردی ڕزگار کرد و بووە هەوێنی سەرکەوتن، یەکڕیزی و یەکدەنگی بوو و ئێستەیش کە جەنگێکی نوێ سەری هەڵداوە و ئاگرەکەی بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاو بۆتەوە، تەنیا یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەتوانێت ببێتە هۆکاری سەرەکی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە ناوچەکە و جیهان.

