پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاژه‌ی شارستانی و پێشمه‌رگه و ئاسایش و هێزه ئه‌منییه‌كاندا به‌رده‌وامه و ئه‌مڕۆش زیاتر لە 2500 پارچه زه‌وی دیكه له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی شه‌قڵاوه تیروپشكیان بۆ كرا.
ڕۆژی دووشه‌ممه 9ـی ئاداری 2026، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئازادكردنی شارۆچکەی شه‌قڵاوه، به ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بەرێوەبەرە پەیوەندیدارەکان، له ڕێوڕه‌سمێكدا تیروپشك بۆ دابه‌شكردنی 2585 پارچه زه‌ویی دیكه له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی شه‌قڵاوه بۆ فه‌رمانبه‌رانی ڕاژه‌ی شارستانی و پێشمه‌رگه و ئاسایش كرا.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شته‌گوزار له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا گوتی: ئه‌مڕۆ له یادی 35 ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان و شه‌قڵاوه، پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی شه‌قڵاوه ڕاده‌گه‌یه‌نین و 2585 پارچه زه‌وی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی شه‌قڵاوه ئه‌وانه‌ی ڕه‌زامه‌ندیان هه‌یه دابه‌ش ده‌كه‌ین.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێردا زیاتر له 34 هه‌زار پارچه زه‌وی دابه‌ش كراوه و پرۆسه‌كه‌ش به باشی به‌ڕێوه ده‌چێت.

