عەبدولقەهار هەولێری/ هۆڵەندا
د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، هاوشاند لەگەڵ شاندێکی نوێنەری پارتە سیاسییەکانی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکی پارتە دەسەڵاتبەدەستەکەی هاوپەیمانیی فلامانی نوێی بەلجیکای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتە و سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەماندا کۆ بووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و عێراقی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە کرد. لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسییەکانی تاوتوێ کران. نوێنەری حکوومەتی هەرێم سوپاسی پارتی هاپەیمانیی فلامانی نوێی کرد کە لە رۆژی دامەزراندنیەوە، هەردەم پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بوون، چ لە ئێستای حکوومەتی فیدراڵ و چ لە ئاستی حکوومەتی فلاندەرز.
پارتی هاپەیمانیی فلامانی نوێ ((Nieuw-Vlaamse Alliantie)) یاخود (NVA) کە مەزنترین پارتی بەلجیکایە خاوەنی پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا و هەروها سەرۆکایەتیی حکوومەتی فلاندەرزە و پێگەی بەهێزی لە بەلجیکا هەیە.

