رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە خوێنی شەھید وڵات و شەھیدانی تر بە فیڕۆناچێت

سەرۆک بارزانی بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کرد و، پرسە و سەرخۆشیی خۆی گەیاندە خانەوادەی و کەسوکاری شەهید وڵات و هاوخەمی خۆی پێ ڕاگەیاندن.

ڕۆژی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کرد. سەرۆک بارزانی پرسە و سەرخۆشیی خۆی گەیاندە خانەوادەی و کەسوکاری شەهید وڵات و هاوخەمی خۆی پێ ڕاگەیاندن. شەهید وڵات تاهیر لە ئەنجامی هێرشی دڕۆنیی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان شەهید بوو.
سەرۆک بارزانی لە پرسەکەدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، کە ناوچەکە ھەمووی بە ئاڵۆزی تێدەپەڕێ، ھەر لە سەرەتاوە ئێمە ھەوڵماندا کە کوردستان دووربێ لە شەڕو ناخۆشی، بەڵام بەداخەوە ھەندێ گروپی لەیاسا لادەر شەڕمان پێدەفرۆشن، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و پەرلەمان و ھێزە سیاسییەکانی عێراق دەکەین لە بەغدا سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن، گەلی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە خوێنی شەھید وڵات و شەھیدانی تر بە فیڕۆ ناچێت.