رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کرد و هاوخەمیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاریان گەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد ئەمە یەکەم شەهیدی کوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت.

ڕۆژی یەکشەممە 8ـی ئادار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەولێر شەهید بوو. سەرۆکی حکوومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەميی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری گەیاند.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، بریندارانی هێرشەکانی بەسەر کردەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: بێگومان ئەمە یەکەم شەهیدی کوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت.

سەرۆکی حکوومەت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو پەلامارانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و تەنیا لەبەر ڕق و کینەیەکی زۆرە بەرامبەر بە کوردستان و گەلەکەی. جەختیشی کردەوە کە ئەو شۆڤێنیانە پێویستە ئەوە بزانن کە ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵكی کوردستان ناچێت.

مەسرور بارزانی، داواشی لە حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ کرد هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن، چونکە بەداخەوە تا ئێستاش ئەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، لەلایەن حکوومەتی بەغداوە پارەدار دەکرێن و مووچە و چەکیان پێدەدرێت.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین، بەڵام وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی “هەموو شتێک سنووری هەیە” هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ تاوانباران دابنێت و چیتر پشتیوانییان نەکات.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک جێگەی مەترسی نەبووە و نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین پەیوەندییم لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانەوە پێگەیشتووە، هەمووان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هاوڕاین کە دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین بۆ گەڕانەوەی ئاشتی.