رۆژنامەی ھەولێر

٨ی مارس؛ ڕۆژی بیرهێنانەوەی تواناکانی ئافرەتان

جنان میکائیل ئیسماعیل

 

٨ی مارس ڕۆژێکی تایبەتە بە خانمان؛ وەک جەژنێکی جیهانی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان یادی دەکرێتەوە. هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، هێمایەکی بەهێزی خەبات و تێکۆشانی ژنانە لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکان و یەکسانی لە کۆمەڵگەدا. ئەم ڕۆژە بیرهێنەرەوەی مێژووی سەرهەڵدانی ئافرەتانە دژی چەوسانەوە و کارکردنی سەخت، هەروەها تیشک دەخاتە سەر بەرزکردنەوەی تواناکانی ئافرەت و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بە گشتی لەم ڕۆژەدا لە کوردستانیش چەندین ئاهەنگ، بۆنە، کۆڕ و سیمیناری تایبەت بە خانمان بەڕێوە دەچێت و خەڵات بەسەر بەشێک لە خانمانی سەرکەوتوودا دابەش دەکرێت.

لە ڕووی بیروباوەڕەوە، ئەم بۆنەیە زیاتر هاندانی خانمانە بۆ ئەوەی بوێرانە هەوڵ بدەن و شانبەشانی پیاوان کار بکەن، بەبێ بیرکردنەوە لە جیاوازیی ڕەگەزی، تا ژیانێکی باشتر بەدەست بهێنن. ئەمەش لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە ئافرەت خۆی خواستی لەسەرە و دەبێتە هۆی شکاندنی بەربەستەکان. لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕۆژە دەنگ هەڵبڕینە دژی زوڵم و توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان و کۆششە بۆ نەمانی چەوسانەوە و ستەم بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ و سەیرکردنی وەک مرۆڤێکی تەواو.
سوها مەسعوود، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، بۆ هێلین میدیا ڕایگەیاند: «ئافرەت بنەمای خێزان و کۆمەڵگەیە؛ لە بوارەکانی خوێندن، تەندروستی، سیاسەت، هونەر و ئابووریدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. ئەوان نەک تەنیا لە ناوماڵ، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا بەشدارن و بە توانا زانستییەکانیان کاریگەرییان هەیە. بەهێزکردنی ئافرەت واتە بەهێزکردنی نەتەوە. ٨ی مارس ڕۆژی باوەڕهێنانە بە تواناکانی ئافرەت؛ ڕۆژی ئەوەیە بڵێین ئافرەت تەنیا نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو دڵ و ڕۆحی کۆمەڵگەیە. ئەگەر ئافرەت بەهێز بێت، نەوەکان بەهێز دەبن. پێویستە ئەم ڕۆژە نەک تەنیا بە وشە، بەڵکوو بە کردار پیرۆز بکەین؛ بە ڕێزگرتن، بە دەرفەتدان و بە هاوکاریی ڕاستەقینە، چونکە یەکسانی تەنیا دروشم نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی هەموومانە.»
ڕەنا بەرەکات، وەک ئافرەتێکی یاریزانی جیهانی، سەبارەت بە ٨ی مارس بۆ هێلین میدیا وتی: «من لە سەرەتای تەمەنمەوە دەستم بە خوێندن کرد لە پەیمانگەی وەرزشیی ئاکرێ لە ساڵی ٢٠١٨. سەرەڕای هەبوونی چەندان کێشە و گیروگرفتی خێزانی، کۆمەڵایەتی و تەندروستی، هەر بەردەوام بووم لە بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانم. هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم کە ڕۆژێک دەگەمە ئامانجەکەم. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دبلۆم، دووبارە لە بواری خۆمدا درێژەم بە خوێندن دا لە زانکۆی دهۆک و ئێستا قوتابی قۆناغی دووەمم. من تاکە کچی کوردم کە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، عەرەبی و جیهانی بەردەوامم و لە شارەکانی (ئاکرێ، بەردەرەش، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، مووسڵ و بەغدا) و وڵاتانی (قەتەر و ئیمارات) بەشداریی پێشبڕکێکانم کردووە و پلەی یەکەم و دووەمم بەدەست هێناوە. تاکە پاڵپشتی من “دایکم” بوو. لە کۆتاییدا دەڵێم: بێهیوا مەبن لە گەیشتن بە خەونەکانتان، بەردەوام بن و گەشبین بن.»
ناهیدە پیرۆ، وەک مامۆستایەکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر، لە لێدوانەکەیدا بۆ هێلین میدیا وتی:
«ڕۆژی جیهانیی ئافرەت تەنیا ڕۆژێکی پیرۆزبایی نییە، بەڵکوو پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕۆژە پشتگیریکردنە لە یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاو، بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئافرەتان و داواکاری بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕۆژە هاندەرە بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن بەبێ سنووردارکردن بەشداری لە خوێندن، کار و بڕیارداندا بکەن. هەروەها ئامانجێکی تری بریتییە لە داننان بە تواناکانی ئافرەت و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک. ٨ی مارس بانگەوازێکە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە؛ گۆڕانکارییەک کە تێیدا مافەکان نەک تەنیا لەسەر کاغەز، بەڵکوو لە ژیانی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکرێن. گەشەپێدانی هەر کۆمەڵگەیەک بەبێ بەشداریی چالاکانەی ئافرەتان تەواو نابێت. کاتێک ڕێز لە ئافرەت بگیریت و دەرفەتی پێ بدرێت، کۆمەڵگە گەشە دەکات. ئەم ڕۆژە هیوای داهاتوویەکی باشتر لە دڵی کچان و ئافرەتانی گەنجدا دەچێنێت و پەیامێکی ڕوونیان دەدێ کە داهاتوو بە دەستی ئەوانیش دروست دەبێت.»