ڕائیب جادر – هەولێر
چەند ڕۆژێکە لەسەریەک بە درۆن و مووشەک ھێرش دەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان و زۆربەیان سنووری پارێزگای ھەولێر دەگرنەوە. گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەشێکی زۆری ھێرشەکان ڕاگەیاندووە. بەرپرسانی حکومی و سەربازی، دەڵێن، عێراق باجی تاوانەکانی ئەو میلیشیایانە دەداتەوە کە ھێرش دەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھێرشێکی چڕی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و چەند شوێنێکی گرنگ و دامەزراوەی دەوڵەت کەوتوونەتە بەردەم ئەو ھێرشانەو بەئامانج گیراون، بەشێکی زۆری ئەو ھێرشانە لەلایەن خودی میلیشیاکانەوە بەفەرمی پشتڕاست کراونەتەوە و وەک چالاکی وێنای دەکەن، لە ھێرشەکانیاندا تەنیا بە شوێنە سەربازییەکان نەوەستاون و تەنانەت دامەزراوەی سڤیل و شوێنە گشتییەکانیشیان کردووەتە ئامانج.
ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕ و گرژییەی ھاتووەتە ئاراوە
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا ھاتووە، ھەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، جەنگ ھەڵگیرساوە کە ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە، بەڵام بارودۆخێکی گرژ ھاتۆتە ئاراوە، پێویستە و کاری لە پێشینەی ھەموو لایەکە کار بۆ سەقامگیریی ھەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و پاڵپشتی دامەزراوەکان و حکوومەتی ھەرێم بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانمان، ھەوڵەکانمان بۆ ئەوەبێت عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی دووربێت لە شەڕ و پەڵکێشی شەڕ و ململانێکان نەکرێن و ڕێگا لە میلیشیا و چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بگیریت لەو ھێرشانەی دەیکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی ھەڵسێت لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی کە لەکاتی ھەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و بۆتە ھۆی نیگەرانی ھاووڵاتییانمان.
پارتیمان، جەخت دەکاتەوە کە ھەرێمی کوردستان نەبووە و ناشبێتە پێگەیەک بۆ نیگەرانکردنی دراوسێکانمان و لەو ئاراستەیەش بەردەوام دەبین ھەروەکو چۆن مافی خۆمانە ئەو چاوەڕوانیەشمان لە دراوسێکانمان ھەبێت، ھاوکات پێداگرین لەسەر ماف و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ھاووڵاتییانیشمان ھان دەدەین پاڵپشت و ھاوکاری دامودەزگا ئەمنی و پەیوەندارەکان بن لەم ھەلومەرجەدا ھەروەکو ھەمیشە ھاوکاربوون.
حکوومەت و پارتە سیاسییەکان بەشداری ناکەن
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕاپۆرتانەی باسی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە ئێمە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناوخاکی ئێران بەتەواوی ناڕاستن. پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، ئەو ڕاپۆرتانەی باسی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە ئێمە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناوخاکی ئێران بە تەواوی ناڕاستن و ڕەتیان دەکەینەوە و بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە ھەمانکاتدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێک نین لە ھیچ ھەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژی حکوومەت، ئەوەشی خستەڕوو: بە پێچەوانەوە ئێمە داوای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین و ھێرشە ترسنۆکانەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، پەلامارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان ڕابگرن و خاک و خەڵکەکەمان و ناوچەکە بپارێزن.
عێراق پەلکێشی ناو جەنگ دەکرێت
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەو ھێرشانە بە کردەوەیەکی تێکدەرانە و ھەوڵێک بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوچەکە و نانەوەی پشێوی وەسف دەکات، لە ھەمان کاتدا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان کراوە، سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژی و کردە نایاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ھێرشەکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکاتەوە، لە ھەمانکاتدا وەزارەتی پێشمەرگە ھۆشدارییەکی تووندیش دەدات و ڕایدەگەیێنێت، بەردەوامبوونی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە بێ وەڵام نابێت.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، ئاشکرای کرد: گرووپە لەیاسا دەرچووەکان لە عێراق بەردەوام ھێرش دەکەنە سەر ھەولێر، ئەو گرووپانە وەک بەکرێگیراو، ھەرکاتێک بیانەوێت مووشەکەکانیان ئاراستەی کوردستان دەکەن، گوێ بە حکوومەتی عێراق نادەن و عێراقیان ڕاکێشاوەتەوە ناو شەڕێکی سەپێنراو، تازە کۆنتڕۆڵکردینان لەلایەن عێراقەوە ئەستەمە، دەبێت فشارێکی گەورەی ھاوپەیمانان ھەبێت و ھەموویان ناچار بکرێن بە ڕێکخستنەوەیان، بەڵام ئەمە پێش دەستپێکی شەڕ گرنگ بوو نەک دوای شەڕ، چونکە ئەوەی ئەو گرووپانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردوویانە ڕاگەیاندنی جەنگە.
ئەوەشی خستەروو: گرووپە چەکدارەکان سەروەریی عێراقیان خستووەتەوە ژێر پرسیارەوە، ئەو گرووپانە خۆیان وەک دەوڵەت مامەڵە دەکەن و حساب بۆ سەرۆکوەزیران و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق ناکەن، تەواوی ئەو گرووپانە سنووری ماددەی ١٤٠یان کردووەتەوە ناوچەیەکی نائارام، بە دەیان گرووپی میلیشیا ھۆکارن بۆ ناسەقامگیریی عێراق و کوردستان، بەو ھێرشانەی دەکەنە سەر ھەولێر سەلماندییان کە ئەمانە ئامانجیان تێکدانی دۆخەکەیە، عێراق باجی ئەو ڕەفتار و تاوانانەی میلیشیاکان دەدات. بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند، ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ھاوسەنگ و ھێمن دەکات، بەڵام زۆر دوژمنی لە ئەرز داوە و ئەو سەگ و سەواڵانەی کە ئێستا ھەولێر و ھەرێم بە ئامانج دەگرن لە ڕێگای درۆن و ڕۆکێت، دەچنە زبڵدانی مێژوو، ھەرێمی کوردستانیش ھەر دەمێنێ و بەرەو پێشتریش ھەنگاو دەنێت.
ئاماژەی بەوەش دا: دەوڵەتی عێراق ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتە و سەروەریی ھەیە و ھەرێمی کوردستانیش بە بەشێک لە عێراق دەزانێت، پێویستە ڕێگری لەو ھێرشانە بکات و ئەم سەگ و سواڵانە دەستگیر بکات، چونکە ئەو کردەوانە دژی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتن.
لەلایەکی دیکەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەفەرمی داوامان لە عێراق کردووە لەبارەی ئەو ھێرشانەوە ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ھێرشەکان لە خاکی عێراقەوە کراون و بەشێکی زۆری ئەو مووشەکانەی کوردستانیان بەئامانج گرتووە، لەلایەن گرووپە میلیشیا و چەکدارەکانەوە بووە.

