رۆژنامەی ھەولێر

نێچيرڤان بارزانى په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ ئیمانوێل ماکرۆن پێگه‌یشت

ئەمڕۆ شەممە 2026/3/7 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنساوە پێگەیشت.

تیایدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاوکارییەکان تاوتوێ کران.

هەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان کردەوە کە مێژوویەکی درێژی لە هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و ئاڵۆزی.