وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە بەشێکی نوێی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆران گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئادار، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نێردراوە. ئەم بڕە پارەیە تەرخانکراوە بۆ مووچەی (خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی).
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە: “چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەر کاتێک تەواوی پارەکە گەیشت و لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق وەرگیرا، ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

