دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێری خۆشەویست دەکەم، بە بۆنەی کردنەوەی نەخۆشخانەی (ماجدی)، کە بەڕاستی بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو و بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروستکراوە.
دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەکەم وەک وەبەرهێنەرێک کە توانیویەتی ئەم نەخۆشخانەیە لێرە دروست بکات و بکەوێتە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو خەڵکەی کە سەردانی کوردستانیش دەکەن.
وەکو هەرجار هیوادارم کە کەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر کەسێک پێویستی پێی بوو، بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەم نەخۆشخانەیە لە ئاستێکی وا پێشکەوتوو و بە شێوازێکی زۆر زۆر رێکوپێک دروستکراوە، کە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان بێت.
جارێکی تر دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەکەم، هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی کوردستان بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە کوردستان بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان؛ هەر یەکێک لە کەرتێک و هەر یەکێک لە بابەتە تایبەتەکانی کە خۆیان کاری تێدا دەکەن.
ئەوەی من بینیم نەخۆشخانەیەکی یەکجار پێشکەوتووە، بە ئامێری زۆر زۆر پێشکەوتوو ئامادە کراوە و دڵنیام و گومانیشم لەوەدا نییە کە پزیشک و پەرستار و فەرمانبەری زۆر باشیشمان هەیە کە دەتوانن لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن. جارێکی تر پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم.
هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە دوو سێ بابەتی گرنگیش بدەم کە پێموایە هەمووتان ئاگادارن. یەکێکیان ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە. جێی داخە کە ناوچەکەمان بەم شێوازە دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، و لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە کە لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا، هەندێ لایەنی لەیاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان کردووەتە ئامانجی خۆیان.
من سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەم و دڵنیا بن کە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت، کوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک. هەوڵ دەدەین کوردستان بە دوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی کە لە ناوچەکەدا هەن و بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆمان.
داواکارم خەڵکی کوردستان پابەندی رێنماییەکان بن و خۆیان بپارێزن بە هەموو شێوەیەک. هیوادارم ئەم ناخۆشیانە بە زوویی بەرەو تەواوبوون بڕۆن و ئینشائەڵڵا ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە.
سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژییان، بەتایبەتی کە دەبینین لەو ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زۆر گرفتی جۆراوجۆر بوونەتەوە. بابەتی مووچە یان دواکەوتنی مووچە، کە دیسان ئەمە بابەتێکە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە و داواش دەکەین حکوومەتی فیدراڵیش پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە لایەکی ترەوە، ئێمە هەوڵێکی جددیمان دا بۆ ئەوەی لە پرۆژەی (ڕووناکی) کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکەین، کە لەم ساڵەدا بەڵێنی ئەوەمان دابوو، و لەسەر بەڵێنی خۆمانین کە کارەبای 24 کاتژمێری هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دێهاتەکانی کوردستانیش بگرێتەوە. ئەو بەڵێنەمان بەردەوامە و ئینشائەڵڵا جێبەجێشی دەکەین؛ بەڵام دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانەی کە دروست بووە و دوای ئەو پەلامارانەی کە کراونەتە سەر کێڵگەکانی نەوت و غاز، هەندێک لە کۆمپانیاکان بۆ خۆپارێزی بەرهەمەکانی خۆیان کەم کردووەتەوە کە بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەمەش شتێکی کاتییە، هیوادارین بارودۆخەکە بەرەو ئاسایی بگەڕێتەوە. خەڵکی ئێمە هیوادارم پشوودرێژ بن و تێبگەن کە ئەم شتەی روویداوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کەمترین زیان بەر خەڵکی کوردستان بکەوێت و ئینشائەڵڵا ئاسایش و سەقامگیری جارێکی تر بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکەش بگرێتەوە.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێگە بەم تیرۆریست و لەیاسادەرچووانە نەدەن چیتر پەلاماری کوردستان بدەن، چونکە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین.
جارێکی تر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حاجی ئەحمەد و لە خەڵکی کوردستان و شاری هەولێر دەکەم. دەستخۆشی لە پزیشکەکان و فەرمانبەران دەکەم بۆ ئەم کارە ناوازەیەی کە لێرە کردوویانە. هەر سەرکەوتوو بن، پیرۆزە لە هەمووتان، کوردستانمان ئینشائەڵڵا هەر پارێزراو و ئاوەدان بێت.

