وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارى ئارەزوومەندانەى ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى کوردى و عەرەبى ڕاگەیاند و داوای لە وەزارەتی پەروەردە کرد قوتابییان لەم بڕیارە ئاگادار بکاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 3ـی ئادار، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارى ئارەزومەندانەى ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى کوردى و عەرەبى هەڵوەشاوەتەوە و نمرەى ئەم دوو وانەیە هاوشێوەى وانەکانى تر ئەژمار دەکرێن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو قوتابییانەى لە ساڵى خوێندنى (2025 – 2026) و ساڵانى دواتر لە پۆلى 12ـی ئامادەیین، واتە لە ئەمساڵەوە نمرەى قوتابییانى پۆلى 12 لەسەر بنەماى هەر حەوت وانەکە دەبێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا بە مەبەستى ئاگادارى قوتابییان لە بڕیارەکە، داوا لە وەزارەتى پەروەردە دەکات دووبارە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان ئاگادار بکەنەوە.
پێشتر، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دابوو کە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی بۆ قوتابییانی 12ـی ئامادەیی ئارەزوومەندانە بێت.

