رۆژنامەی ھەولێر

شاندی فراکسیۆنی پارتی و فوئاد حوسێن سەردانی لایەنە عێراقییەکانیان کرد و پرسی سەرۆک کۆمار تاوتوێ کرا

بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا و جەختیان لە کاراکردنی پێگەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و شاندێکی فراکسیۆنەکە، یاوەریی دکتۆر فوئاد حوسێن، بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ سەردانکردنی ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی پارتی لەگەڵ هەریەک لە فراکسیۆنەکانی (هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەدر، نەهجی وەتەنی و سۆمەریون) کۆبوونەتەوە.

لە دیدارەکاندا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی و شایستە دەستوورییەکان کراوە، بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە شێوەیەک کە ببێتە مایەی مسۆگەرکردنی سەقامگیریی وڵات و خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی نیشتمانی.

هەروەها جەخت لە کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان کراوەتەوە بۆ کاراکردنی ڕۆڵی سەرۆکایەتیی کۆمار لە داهاتوودا و یەکخستنی دیدگاکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.