رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر كۆبوونە‌وە‌یەکی فراوان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان بەڕێوەچوو

بە سەرپەرشتی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر پارتى و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی لقەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و بەرپرسانی دیکە و کادیران، کۆبونەوەیەک سەبارەت بە گۆرانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتیی و کاریگەری و پێشھاتەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان و بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی روونكردنە‌وە‌یەکی سە‌بارە‌ت بە‌ بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی خستەڕوو و ئاماژەی بە رۆڵی كاریگە‌ر و یە‌كلاكە‌رە‌وە‌ی جەنابی سەرۆک بارزانی و ھە‌وڵی بە‌ردە‌وامی بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە توانراوە بەسیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی قۆناغی زۆر سەخت تێپەڕێنین و بەپشتیوانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان زۆر پیلانیش شکست پێبێنین.
ئاشکراشی کرد، پارتی خاوەندارێتی کوردستان دەکات و لە سەرئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خاوەنی پێگە و قورسایی خۆیەتی و هەرگیز ناچێتە ژێرباری هیچ سەپاندن و ستەمێک، کە دژی گەلەکەمان دەکرێت.
پاشان تیشکی خستەسەر ئەو ستەم و نادایەی، کە بەڕوونی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت، بە پێشێلکردنی دەستوور و نەدانی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێش، ڕوونیکردەوە کە زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ پارتی بووە، ئەمەش ڕای خەڵکە پێویستە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت، گوتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی ڕۆڵی بەرپرسیارانەی خۆی لەگەڵ ھەموو ھێزەکان نیشانداوە، بەکردارەکیش ئەم ھەنگاوەی سەلماندووە و سەردانی لایەنە براوەکانی کردووە، بەڵام بەھۆی لایەنی ترەوە نەتوانرا پەرلەمان کارابکرێت و حکوومەتی نوێ پێکبەێنرێت.
گوتیشی، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەموو قۆناغەکان پارێزەرو بەرگریکاری ڕاستەقینەی خەڵک بووە، بۆ ئەمڕۆش پارتی لە ڕێگەی بەرپرسانی لە حکوومەت و ئۆرگانە جیاوازەکانیەوە خزمەتی خەڵکی دەکات، ئەوەش ئەرکی راستەقینە و پەیامی پارتییە، بۆیە نابێت لە ھیچ کەناڵێکی خزمەتکردن، کە متەرخەمی رووبدات، بەڵکو دەبێ خزمەتگوزاریەکان بە ھەرچی توانایە بۆ هاونیشتیمانیان زێتر و فراوانتر بکرێن.