رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمردا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، ڕابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت، بووەتە سەر مەشق و ھەوێنی کوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاکی کوردستان. تا دواساتەکانی تەمەنی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زولمەی لەسەر میللەتی کورد ھەیە نەھێڵێت و مافی کورد بە دەست بھێنێت.

لەیادی کۆچی دوایی ڕێبەر و باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر، ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە پایتەخت و شار و شارۆچکەکانی کوردستان و لە ھەموو چین و توێژەکان بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمانی کوردایەتی سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی لە شارۆچکەکانی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان ئەو ڕۆژە بەڕز ڕادەگیرێت.
ھەر لە تەمەنی لاوێتیدا بارزانیی نەمر، ھەستی نەتەوایەتی لە دڵیدا چەسپاوە و سەرکردایەتی دەیان داستانی نەبەردایەتی دژ بە نەیارانی گەلی کوردی کردووە، تا دەگاتە ئەو ڕۆژەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکا کۆچی دوایی دەکات.
بارزانیی نەمر دوای کۆچی دوایشی میراتێکی گەورەی لە دەستکەوت و خەبات و بەرخودانی بۆ گەلی کورد بەجێھێشت و توانی لە تەمەنی خەباتەکەیدا نەیارانی کورد ملکەچی داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات.
بارزانیی نەمر لە قۆناغێکی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیرکەرانی خاوەن ھێز و پشتیوان ھەڵبژارد کە گەلی کورد لە سەردەمێکی پڕ لە ئازار و مەینەتیدا دەژیا، جگە لە خودا و ڕەوایەتی دۆزەکەی و ئامادەیی ڕۆڵەکانی بۆ مەرگ، ھیچ پشت و پەنایەکی دیکەیان نەبوو، بەڵام ئیرادەی بەھێز و باوەڕبەخۆبوون و ڕەوایی دۆزەکەی، بۆ چرکەیەک بڕوای ئەو سەرکردە مێژوویەی کوردیان لەق نەکرد و میراتێکی گەورەی لە خەباتگێڕی دژی ستەم و زۆرداری بۆ گەلە ستەملێکراوەکەی جێھێشت.
ئەو کاریزمایە لە ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣ لە گوندی بارزان لە دایکبووە و ھەر لە تەمەنی لاوێتیدا ھزری ڕزگاریخوازی گەلەکەی لە دڵیدا چەسپاوە و لە ساڵی ١٩١٩ لە تەمەنی شازدە ساڵیدا لەگەڵ ٣٠٠ کەس لە پیاوەکانی بە فەرمانی شێخ ئەحمەدی بارزانی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفید دەچێتە سلێمانی.
‌ساڵی ١٩٢٠ شێخ ئەحمەدی بارزان، بە نوێنەرایەتی خۆی، مەلا مستەفا ڕەوانەی باکووری کوردستان دەکات بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بکەوێت و ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەی دروست بکات.
لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ – ١٩٣٢ سەرپەرشتیی ھێزێکی بارزانییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە دەڤەری مێرگەسۆر – شێروان لە بەرامبەر ھێزی داگیرکاری ئینگلیزەکان، لەو شەڕەدا بەھۆی لێھاتوویی و کارزانییەوە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستھێنا و توانیویەتی ناوچەکە بپارێزێت.
لە ساڵانی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ بارزانیی نەمر، سەرکردایەتی شۆڕشەکانی بارزانی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ بارزانی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد بەشداریی کرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان کرایە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.
لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بارزانیی نەمر پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند و وەک سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا، دواتر لە سەرجەم کۆنگرەکانی ئەو حزبەدا، وەک سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرایەوە.
دوای نسکۆی کۆماری کوردستان، لە ١٩٤٧ ڕێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەست پێ کرد، بارزانی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی شاھەنشایی ئێران بکات، بۆیە بە خۆی و پتر لە ٥٠٠ خەباتکاری کورد، ڕوویان کردە یەکێتی سۆڤیەت و لەو ڕێڕۆیشتنەشدا، ڕووبەڕووی سوپاکانی عێراق و ئێران و تورکیا بوونەوە، بەڵام دواجار توانییان لە ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لەگەڵ یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و گەیشتنە یەکێتی سۆڤیەت.
دوای کودەتای چواردەی تەممووزی ١٩٥٨ بارزانی و یاوەرەکانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا ھەولێر، پێشوازییەکی گەرمی جەماوەرییان لێکرا.
لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد، شۆڕشی ئەیلوول، ١٤ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدیھێنان.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بارزانی و حکوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕێککەوتن، یەکەم جار بوو لە مێژووی کوردستاندا، شۆڕشێکی کوردستانی بە ٩ ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستکەوتە مێژوویە بۆ خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکات.
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەدرێت. لەم بارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی دەڵێت: لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای ساڵ و نیوێک لە واژووکردنی بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا.
دوای نسکۆی ١٩٧٥، چاودێریی و سەرپەرشتیی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی کوردستانی کردەوە.
خەون و ئامانجی گەورەی بارزانیی نەمر ئەوە بوو کە بتوانێت خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر میللەتی کورد ھەیە نەیھێڵێت، مافی کورد بە دەست بھێنێت و میللەتی کورد وەکو میللەتەکانی تر لە ئاشتی و سەربەستی بژین و تەعدا لە کەس نەکات و کەسیش تەعدای لێ نەکات، ژیانی ھەموو تاکێکی کورد دابین بکات و خزمەت بە گەلەکەی خۆی بکات.
لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ دا و لەتەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد.
لە ٤ی ئاداری ھەمان ساڵ، تەرمی بارزانیی نەمر گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر بە ھێلیکۆپتەر، گەڕێندرایەوە شاری شنۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لەلایەن سەدان ھەزار کەسەوە لە پەنابەرانی کوردستانی عێراق و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لێکرا، ڕۆژی ٥ ئادار، بە ئەمانەت بە خاک سپێردرا.
لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣، ڕووفاتی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی کوڕی، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی لەدایکبوونیان لە بارزان، بەخاک سپێردران.
مەناف ئەحمەد، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بارزانیی نەمر، پیاوێکی سادە بووە و ھەر بەو شێوەیەش ژیاوە، زۆر گرنگی بە جلوبەرگ و خواردنی نەدەدا، بەردەوام ھەوڵی داوە کورد یەکدەنگ و یەکڕەنگ بێت و ھەمیشە ڕێزی لە بیروبۆچوونی جیاواز گرتووە، ھەموو کاتێک ویستوویەتی کورد سەربەخۆ بێت و بە مافەکانی بگات، بڕوای وابووە ڕۆژێک ھەر دێت کورد بەو ئاواتە دەگات.
ئەو پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەشڵێ: بارزانیی نەمر موڵکی ھەموو کوردە، چونکە ھەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلە مەزڵوومەکەی تەرخان کردبوو، بۆیە پێویستە ھەموو حزب و لایەنەکان یادی بکەنەوە نەک تەنیا حزبێک، چونکە بارزانیی نەمر، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە سەرکردایەتیی میللەتی کوردی کردووە، ئاگای لە ھەموو پارچەکان بووە، چووە بۆ ڕووسیا ھەموو دەناسن و دەزانن چۆن کاری کردووە، وەک سەرکردەیەکی کورد حیسابی بۆ دەکرا نەک سەرۆکی حزب، بارزانی زیاتر بە سەرکردەی کورد دەناسرا، وەک بە سەرکردەی حزب، بڕوای وابوو کورد ھەموویەکە جیاوازی لە نێوان ھیچ کەس و لایەنێکی نەدەکرد.
عەبدوڵڵا حاجی، پێشمەرگەیەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەو دەسکەوتە گەورانەی ئێستا ھاتوونەتەدی و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆڕشی بارزانیی نەمر بەدەست ھاتوون، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تاکە شۆڕشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەک پەیام بەرپا کرا، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە شۆڕشی بارزانی تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام خەباتەکەی بە شێوەیەکی دیکەیە، بۆیە دەبێت تێکۆشان و خەباتی ئەو زاتە گەورەیە لەبەرچاو بگرین و لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئەو بەردەوام بین، چونکە ھەموو ژیانی خۆی بۆ قوربانی میللەتەکەی بووە، کەسێک کە ھەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەکەی بکات، نامرێت و لە دڵی گەلەکەی ھەر زیندوو دەمێنێت، بۆیە ئەم ڕێبازە لەبیر ناکەین پەیمانە، ڕێی بارزانی کوردستان یان نەمانە.