رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی یەکخستنەوەى هێزەکانی پێشمەرگە، دەسەڵاتی فەرماندەیی فەیلەق و فیرقەی دەڤەرەکانی دیاری کرد

لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی یاساى چاکسازی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى 26ى 2ی 2026، فەرمانێکی بە ژمارە (703) دەرکرد، کە تێیدا بەوردی دەسەڵاتە کارگێڕی، یاسایی و داراییەکانی بۆ فەرماندەیی فەیلەق و فیرقەى دەڤەرەکان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دیاری کردووە.

ئەم هەنگاوە پشتبەست بە حوکمەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دێت، کە ئامانجی سەرەکی لێی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سیستمێکی سەربازیی نیشتمانی و سەردەمیانەیە کە خزمەت بە دیسپلینی سەربازی و بەدامەزراوەییکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە بکات.

فەرمانەکە تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی دەسەڵاتە کارگێڕی و یاسایی و داراییەکان و هاوکات چەند بوارێکی دیکە دەگرێتەوە، وەکوو بوارى ڕاگەیاندن و دەسەڵاتی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، بەتایبەت لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری