سلێمان تاشان – ههولێر
سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەی لە کۆتایی مانگی ڕابردووی زایینی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی دیمەشق واژۆ کرا و بڕیار درا دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە و سوپا لە شارەکان بکشێتەوە، بەڵام هێشتا کۆبانێ وەک ناوچەیەکی جەنگی وایە و گەمارۆ لەسەر ئەم شارە کوردستانییە لانەبراوە.
مێژووی قارەمانێتی و و بوێریی خەڵکی کۆبانێ تەنیا پێوەندیدار نییە بەو بەرگرییەی لە ماوەی ڕابردوودا کروویانە یان ئەو سەرکەوتنەی بەسەر داعشدا تۆماریان کرد و لە هەموو جیهان ناوبانگیان دەرکرد . لە ساڵی ١٩٧٣ی زاینی کاتێک ڕژێمی بەعسی سووریا دستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنی عەرەبی کرد و ویستی ناوچە کوردستانییەکانی سووریا لە یەکتر دابڕێنێت و بە خەڵکی عەرەب پڕی بکاتەوە و ڕێگە لە هەر جۆرە کیانێکی کوردی بگرێت و نەتەوە و زمانیان بتوێنێتەوە، خەڵکی کۆبانێ دژی سیاسەتەکە وەستان و بەرگرییان کرد.
حکوومەتی ئەو کاتی سووریا ناوی کۆبانێی بۆ عەین عەرەب گۆڕی بەڵام هیچ کاتێک خەڵکی کۆبانێ ئەو ناوە بەدەمیاندا نەهات و دانیان پێدا نەنا و بۆیەش دانیشتووانی کۆبانێ بە تەواوی ڕەسەنایەتیی خۆیان پاراست.
هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو کە حکوومەتی دیمەشق هیچ کاتێک و هیچ سەردەمێک بایەخی بە کۆبانێ نەدا و هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەشی ئەو شارە نەکرد و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاو و کارەبا و شەقامی قیرتاوکراو و تۆڕی ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری دیکە بێبەش بوو.
لە هاوینی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت و دواتر ڕووبەرێکی فراوان لە خاکی عێراق و سووریای داگیر کرد و سوپای گەورەی وڵاتان لەوانەش عێراق و سووریا نەیانتوانی پێش بە پێشڕەوییەکانی داعش بگرن، تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە کۆبانێ کرد و ویستیان ئەم شارەش داگیر بکەن کە دوو ساڵ بوو کانتۆنێکی کوردی تێدا دامەزرابوو و لە پاڵ دوو کانتۆنێکی دیکە پێناسەی ڕۆژئاوای کوردستانیان دەکرد.
ئامانجی داعش ئەوە بوو دەستی بە مەرزەکانی تورکیا بگات و لەوێڕا بتوانێت خۆراک و پێداویستی بۆ دەوڵەتە ئیسلامییەکەی بگوازێتەوە.
جگە لە بەرگریی قارەمانانەی خەڵکی کۆبانێ ئەوەی وای کرد ئەو شارە سەرکەوێت یەکدەنگی و پاڵپشتیی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ یارمەتیدانی کۆبانێ بوو، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە هەرێمی کوردستانەوە هێزی پێشمەرگە سنوورەکانی نێودەوڵەتی بڕی و یارمەتی شەڕڤانانی دا و لە ٢٦ی کانوونی دوووەمی ٢٠١٥ ئاڵای کوردستان لەو شارە شەکایەوە.
ئەو سەرکەوتنە بە دڵی زۆرێک لە نەیارانی کورد نەبوو و جارێکی دیکە داعس بە پاڵپشتی وڵاتێکی دراوسێی سووریا هێرشی کردە سەر کۆبانێ و نزیکەی ٣٠ کەس لە دانیشتووانی شارەکە شەهید بوون. زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی شارەکە کەوت بەڵام دووبارە دەست بە بنیاتنانەوەی کرایەوە.
چوار سال دواتر لە لە ساڵی ٢٠١٩ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپی کۆبانێ لە ناوچە کوردستانییەکانی دیکە دابڕا و پاشان هێرشە درۆنییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی دیکە زیانی گیانی و مادی بەر شارەکە گەیاند.
رووخانی ڕژێمی سووریا لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەو واتایەی نەبوو کۆتایی بە جەنگ و نەهامتی بێت، لە شەشی کانووونی دووەمی ٢٠٢٦ سوپای عەرەبی سووریا بە گڵۆپی سەوزی تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و توانیان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕووبەرێکی فراوان کە پێشتر تەعریب کرابووون پاشەکشە پێ بکەن، هێزەکانی هەسەدە لەو شوێنانەی کە دانیشتووانەکەیان کورد بوون و چی تر پاشەکشەیان نەکرد و بەرگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا سوپای عەرەبی یەک هەنگاوی دیکە بهاوێژێت،
ئەو دۆخە وای کرد جارێکی دیکە کۆبانێ گەمارۆ بدرێت و هەمان ڕووداوەکانی سەردەمی داعش بۆ سەریان دووبارە ببێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕێککەوتن کراوە بەڵام هێشتا کۆبانێ لەژێر گەمارۆ دایە، ئەو شارە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا ، ئێنتەرنێت و خۆراک و پێداویستی پزیشکی بێبەشە و لە جیهان دابڕاوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەنستیتۆی ئاشتی کوردی لە ئەمریکا، زیاتر لە پەنجا گوندی سەر بە کۆبانێ لە لایەن هێزەکانی دیمەشق تاڵان کراون . ئەوەی لە کۆبانێ ڕوو دەدات درێژەی هەمان سیاسەتە کە لە ١٩٧٣ دەستی پێ کرد و ئەوەی سووریا پێی تەنگاو بووە ئەوەیە خەڵکێک لەم شارە لەسەر خاکی باب و باپیرانیان دەژین بەڵام ئەو ژیانە بۆیان بە ڕەوا نازانرێت.
ئەگەر ئەو دۆخە لە کۆبانێ بەردەوام بێت ئەوا لەوانەیە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێ بکەوێتەوە چونکە خۆراک و دەرمان و پێداویستییەکانیان ڕووی لە تەواوبوونە و پێویستە حکوومەتی دیمەشق کۆتایی بە گەمارۆ بهێنێت و هێزەکانی لە دەوری شارەکە بکشێنێتەوە و پابەندی ڕێککەوتن بێت.

