رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەکات

عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایان کرد، لەو سەردانەدا لەگەڵ (گووشێ ئالتێس) بەرپرسی بەشی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەرپرسی دێسکی عێراق کۆ بووەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، پوختەیەکی دوایین پەرەسەندە سیاسییەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و، سیاسەت و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر رووداوەکان و بارودۆخەکە خستە روو.
رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و رۆژئاوایی کوردستان و هەوڵەکانی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی سەرۆک بارزانی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەشێکی تری دیدارەکە بوون و هەردوو لا هاوڕا بوون کە کێشەکان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و گرنگە مافی کورد و پێکهاتەکانی تر لە دواڕۆژی سوریا لە رێزیان لێ بگیرێ. لایەنی ئەوروپی سپاس و پێزانینی خۆی راگەیاند بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بۆ دابینکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن و سەقامگیری لە ناوچەکە.
دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.
لە کۆتاییدا خواستی هەردوو لا ئەوە بوو پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی هۆڵەندا بەهێزتر بکرێت.