پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، شۆفێرێکان دەستگیرکردووە کە بە ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا و لەژێر کاریگەریی خواردنەوەی ماددە کحوولییەکاندا، هاووڵاتییەکی لەسەر شەقامی 100 مەتری شێلاوە و هەوڵی هەڵاتنی داوە.
ڕۆژی دووشەممە 23ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، شەوی رابردوو، نزیكەی كاتژمێر یەكی شەو هاووڵاتییەك لە كاتی پەڕینەوەیدا لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كراونی بێسەرەتا لێی دەدات و هەڵدێت .
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە پۆلیسی فریاكەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان (104) ئاگادار دەكرێنەوە دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن شوێن ئۆتۆمبێلی ناوبراو دەكەون و دەتوانن دەستگیری بكەن و ڕادەستی بنكەی پۆلیسی سەرچناری بكەن. پۆلیس دەڵێت: “شۆفێرەكە لەژێر كاریگەریی خواردنەوەی ماددە کحوولییەکاندا بووە”.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە رێكخراوە و تۆمەتبار بەناوی (ئ. ئ. م) لەدایك بووی (1984) بەپێی ماددەی (23) لە یاسای هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

