ڕائیب جادر – هەولێر
جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک بەردەوامن لە گەیاندنی داواکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان، بەڵام تا ئێستا ھەوڵێکی کۆنکرێتی نییە بۆ چارەکردنی گرفتەکانیان.
لەبەردەم دەرگای سایلۆی کەرکووک جووتیارانی کورد و تورکمان گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا، گردبوونەوەکە بەھۆی خەرج نەکردنی پارەی گەنم و شایستە داراییەکانیان بووە، جووتیاران بۆ ھەشت مانگ دەبێت گەنمیان ڕادەستی سایلۆی کەرکووک کردووە، وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق تا ئێستا چەکی بانکی پارەکانیان بۆ خەرج نەکردووە کە ژمارەیان ھەزار جووتیار دەبێت.
ھەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داھاتووی شارەکە دروستکردووە، بووەتە مەترسی لەسەر دابڕاندنی کەرکووک لە ناسنامە کوردستانییەکەی، بەگوێرەی بەڵگەکان ئەو تەعریبەی لە سەردەمی ڕاکان جبووری لە کەرکووک کراوە، زیاترە لەو تەعریبەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە شارەکە کردوویەتی، گواستنەوەی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی، باوترین ڕێگەکانی تەعریبن لە کەرکووک.
سوپای عێراق ھەر وەکو ئەوەی ھیچ ئەرکێکی دیکەیان نەبێت شەو و ڕۆژ بە ھەمەڕی سەربازییەوە بەدوای جووتیارانی کوردەوەنە و ناھێڵن تەنانەت بچنە ناو زەوییەکانیش، کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق چارە کراوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و ڕێگری کردن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان زۆرجار عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا سکاڵا لە دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکەن و تۆمەتی بێبنەماش دەخرێتە پاڵیان و زۆرجاریش زیندانی دەکرێن، ھەموو ئەمانە لە چوارچێوەی پیلانی تەعریبە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرامبەر جووتیارانی کورد پەیڕەو دەکرێت، پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە یاسا و ڕێککەوتنەکان لە ڕابردوو ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، ھەتا گەیشتە پێشێلکاری دەستوور، ٥٥ ماددەی دەستووری بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون.
کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، ڕێوشوێنەکانی سڕینەوەی شوێنەواری تەعریبی دیاریکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە ڕووەدات، ڕێک پێچەوانەی ئەو ماددەی دەستوورە و داھاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
بەشێک لە جووتیاران بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ھەشت مانگ تێدەپەڕێت و تا ئێستا ٥٠%ـی جووتیاران شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، ئەمەش بۆتە کێشە و گرفتێکی گەورە بۆ ئێمە و کەوتووینەتە ژێر باری قەرزێکی قورسەوە و تا ئێستا پارەی بارھەڵگرەکان و پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی ساڵی ڕابردوو نەمان داوە، لە ھەمان کاتدا ئێستا پێویستمان بەو پێداویستیانەیە بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی ئەمساڵ چاندوومانە بەرھەمی ھەبێت، ئەگەر وا بڕوات حکوومەتی عێراق پارەکانمان لە ماوەیەکی زوودا خەرج نەکات، لەگەڵ دووکاندار و خەڵکی دیکە کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، لە ھەمان کاتدا بەرھەمی ئەمساڵمان وەکو پێویست نابێت، چونکە کێشەی زەوی و زارمان یەکجار زۆرە، ئێمەی کورد و تورکمان زەوی و زارەکانمان داگیر کراوە و ڕۆژانە سوپای عێراق کێشەمان بۆ دروست دەکەن، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین کێشەکەمان بۆ چارە بکات و پارەکانمان بۆ خەرج بکات.
بەپێی وتەی جووتیاران، جووتیارەکانی شارەکانی عێراق پارەکانیان وەرگرتووە و بە تەنیا لە شاری کەرکووک و ھەرێمی کوردستان نەبێت کەوا ھەر جووتیارێک ڕێژەی گەنمەکەی لە ٢٥ تۆن بەسەرەوە بێت پارەی بۆ خەرج نەکراوە و نازانرێت کەی بۆیان خەرج دەکرێت.
حەسەن حەمید، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ساڵی ڕابردوو ٥٠٣ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و ٥٠%ـی جووتیارانیش پارەکانیان وەرگرتووە، بۆ ئەوانی دیکەش لەگەڵ بەغدا قسەمان کردووە، چونکە کێشەی ئەوان لە بەغدایە، نەک لە کەرکووک.
جگە لە نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکە کوردنشینەکان، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کێشەی زۆر بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک دروستبووە، بەجۆرێک ھێشتا جووتیاران لەژێر ھەرەشەی تەعریبدان و چاوەڕێی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعسن، لە کەرکووک و دەوروبەری زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی چارەنووسی نادیارە، لە ھەموو ئەو ناوچانەی کورد لێی نیشتەجێیە ھەمان کێشە و گرفت ھەیە، ھەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازی بەردەوام لەنێو زەوی و زاری جووتیارانی کورد دەگەڕێن و ڕێگری لە کاری کشتوکاڵی دەکەن. فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەردەوام پشتگیری لە مافی جووتیارەکان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت. حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کشتوکاڵییە لەسەرجەم ناوچەکانی سنووری کەرکووک، بۆ ئەوەی خاکی خۆمان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و کۆتایی بە تەعداکردن لە جووتیاران بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی مافی جووتیاران بگەڕێنینەوە و تەعدایان لێ نەکرێت و بەبێ کێشە و ترس زەویەکانی خۆیان بەکاربێنن و شایستە داراییەکانیان بدرێتێ.

