رۆژنامەی ھەولێر

بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق بە دەیان کارگە داخراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژە بەبێ ئاگادارکردنەوە و بەبڕیارێکی حکوومەتی عێراق دەرگای زیاتر لە ٣٠ کارگەی ئامادەکردنی کەلوپەلی خواردن لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داخراون، بەو ھۆیەوە ھەزاران کەس بێ کار ماونەتەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانی زاخۆ، دەڵێت: بەغدا دژایەتی زۆری ھەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا.

بەھۆی داخستنی ئەو کارگانە ڕێژەیەکی زۆری بێ کاری پەیدا بووە، لە ئێستادا بە ھەزاران کرێکار، شۆفێر و بازرگان بێ کار ماونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کارگانەیە و بەشی زۆریان خێزاندار و کرێچین.
موسا کازم، خاوەنی یەکێک لە کارگەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە بازگەکانی عێراق لێ ناگەڕێن کەلوپەلی کارگەکانی ئێمە داخیلی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ببێت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەموو مەرجەکانی ئەوانمان جێبەجێ کردووە.
دەشڵێ: بەھۆی ئەو بڕیارەی بەغدا ئێستا بە سەدان تۆن خواردن لە کۆگاکاندا ماوە و ناتوانین ھاوردەی شارەکانی عێراق بکەین.
زوبێر حەتەم، خاوەنی کارگەیەکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئێستا کارگەکانی ئێمە لە کار کەوتوونە ئەوەش وای کردووە بە ھەزاران کەس بێ کار بمێنەوە، بۆیە داوا دەکەین دووبارە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە بتوانین دەست بەکارەکانی خۆمان بکەینەوە و ھەلی کاریش بۆ ھەزاران کەس پەیدا ببێتەوە.
حکوومەتی عێراق ھەموو ھەنگاوێکی گرتۆتەبەر بۆ ڕێگری کردن لە گەشەی بازرگانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خاوەن کارگە و کرێکارانی زەرەرمەند چاویان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە تاکو چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە ھەزاران خێزان نەبنە قوربانی بڕیارە چەوتەکانی حکوومەتی عێراق.
جیاواز لە بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، بڕیاری داخستنی کارگەکان لەلای حکوومەتی عێراقەوە تازەترین بڕیارە بۆ سەر بواری بازرگانی ھەرێمی کوردستان. لەتیف عوسمان، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتی: ٣٠ کارگە لە زاخۆ داخراون و کرێکارەکانی بێ کار ماونەتەوە، بەغدا دژایەتی زۆری ھەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا.