لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژی زمانی کوردی، دوێنێ د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە ڕاگرایەتی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە، بە ئامادەبوونی هیوا گەیلانی بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان و بەرپرسانی حزبی و حکومی، بابەتێکی لەبارەی زمانی کوردی پێشکەشکرد.
لە سەرەتادا پ.ی.د عبدالخالق نادر، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە، وتەی بەخێرهاتنی پێشکەشکرد.
(زمانی دایک، ناسنامەی بوون و کۆڵەکەی مانەوەی نەتەوەیە) ناونیشانی ئەو پانێڵە بوو کە لەلایەن لیژنەی ڕێکخراوی زانست بە هەماهەنگی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ڕێکخرابوو، تیایدا د.سالار عوسمان لەبارەی زمانی دایک، لە چەندین گۆشە و ڕەهەندەوە تیشکی خستە سەر بایەخ و گرنگی زمانی دایک و پاراستنی زمان وەکو سەرمایەیەکی نیشتمانی هەمیشەیی و هەروەها ڕۆڵی زمان لە پاراستنی قەوارەی نەتەوەییدا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، سوپاسنامەی ڕاگرایەتی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە پێشکەش بە د.سالار عوسمان و م.هاوکار جمیل وەکو بەڕێوەبەری پانێڵ کرا.
هەر لە درێژەی کاروچالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا و، هەفتەی ڕابردوو، ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 16ی 2ی 2026 لە قەزای شەقڵاوە، د. سالار عوسمان، وانەیەکی بە ناونیشانی “هاوڵاتی و ڕاگەیاندن” پێشکەش بە بەشداربووانی خولی پێگەیاندنی ١٨ـی شوبات کرد.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لە میانی وانەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هاوڵاتی لە نێوەندە میدیاییەکان و گرنگی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییەکاندا.
خولی پێگەیاندنی ١٨ـی شوبات، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن لقی سەفینی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان ڕێکخرابوو.

