رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆ: ڕێگە نادەین خاکی هەرێم بۆ هەڕەشە و مەترسی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە هەڕەشەیان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ چەند لایەنێک، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە, تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردووە، لەم ڕووەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا.”

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا هیچ کاتێک سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات هیچ لایەنێک، خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنێت.”