ئەمرۆ یەكشەممە 2026.2.22، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی ئەمینداری گشتی و سەرۆک و ڕاگر و قوتابیانی زانکۆی جیهان و ژمارەیەکی دیکەی بەرچاوو لە رۆشنبیر و زمانناس و ئەکادیمست، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمان، زانكۆی جیهان، لە ژێرناونیشانی ( زمان ئاوێنەی کلتوورە ) چەند چالاكیەكی ڕێكخست.
تێیدا جەخت لەسەر بایەخ و گرنگیدان بە زمانی دایک کرایەوە، کە زمان بەهێزترین ئامرازە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی و فێرکردنی منداڵان و گەشەی فەرهەنگیی نەتەوە و جیهانی مسۆگەر دەکات، هەروەها ئاماژە بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایک لە سیستیمی پەروەردەی گشتیی و ناوچەییدا كرا و پاراستن و مانەوە و پەرەپێدانی زمانی دایكی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان وەك خاڵێکی گرینگ و پڕبایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا.
جێگەی باسە، ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە 21ی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1999 لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی 2008یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی2008یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.

