ڕائیب جادر – هەولێر
لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە، ھاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بڵاویکردەوە، ئاگاداری گشت گەشتیاران و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەکەین، ئەوانەی دەیانەوێ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەشت بکەن، لە ڕێکەوتی یەکی سێ بەدواوە ھاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان ڕادەگیرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ئامانج لەو بڕیارە، دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو و ڕێکخستنی کاروبارەکان و جێبەجێکردنی ڕێنوێنیی وەزارەتە پێوەندیدارەکانە، لە کاتی ڕێکخستن و دووبارە دەستپێکردنەوەی ھاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، ئاگاداری نوێ بڵاو دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ڕاشیگەیاند، ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە یەکی سێ ھیچ ھاووڵاتییەک و گەشتیارێک بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیەوە سەردانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نەکات.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێشتر ڕێکار و میکانیزمی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە دیوی ئێرانەوە دەکران، بەڵام لە مانگی سێ بەدواوە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆییەوە لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، دەشڵێ: بڕیارەکە تەنیا ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بچنە ئێران، گەشتەکانی دیکە بەردەوام دەبن.

