ڕائیب جادر – هەولێر
ھەر بازرگان و فرۆشیارێک لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا نرخی کەلوپەلەکانی گران بکات، سەرەڕای سزادانی، شوێنەکەشی دادەخرێت. بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، ئاشکرای کرد: بەدرێژایی مانگی ڕەمەزان لیژنەکانی ئێمە شەو و ڕۆژ لە شار و شارۆچکەکان چاودێری بازاڕ دەکەن، ھەر کەسێک نرخی کەلوپەل گران بکات سزا دەدرێت.
لەگەڵ ھاتنی ھەر جەژن و بۆنەیەک بەشێک لە بازرگان و فرۆشیاران دۆخەکە دەقۆزنەوە و خۆراک و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بەسەر فرۆشیاران ساغ دەکەنەوە، بۆ ڕێگریکردن لەمە، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی لیژنە تایبەتەکانەوە چاودێریی وردی بازاڕ دەکەن و ئەو شوێنانە دادەخەن کە سەرپێچی دەکەن.
لیژنەکان لە چاودێریکردن زیاتر تیشک دەخەنە سەر خۆراک، بەتایبەت ئەو خۆراک و بابەتانەی کە پەیوەندییان بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ھەیە، گەڕان و سەردانەکانیان چڕتر کردووەتەوە و بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ھیچ شوێنێک خۆراکێکی بەسەرچوو و کوالێتیی خراپ بە ھاووڵاتی بفرۆشێت.
پارێزگای ھەولێر بڵاوی کردەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بەھاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و نرخی کەلوپەل و کاڵا و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکردن لە بارەی ڕەوشی بازاڕ و نرخ و جۆرەکانی خۆراک و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، پارێزگاری ھەولێر، جەختی لە توندکردنی چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان لە ھەموو شوێنەکان کردەوە، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لیژنەی قایمقامیەتەکان، بازرگانی، شارەوانی، تەندروستی و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، نابێت ڕێگە بە ھیچ کەسێک بدرێت، مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر ھاووڵاتییان گران بکات، ھەر کەسێک ئەو کارە بکات ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یاری بە بازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر ھاووڵاتییان زیاد دەکەن، ھەروەھا لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی ھاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوە بەسەرچوو و بێ کوالێتی، ھەڵمەتی لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانی خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانی تری ھاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەی شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەکرێت، لە بازگەکانیش بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت خۆراک و کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو ھاوردەی سنووری ھەولێر بکرێت، کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر و فێتەرنەری بە ھاوبەشی لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم لە شاروشارۆچکەکان چەندین لیژنەیان پێکھێناوە و بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخی کەلوپەل لە بازاڕ دەکەن. بەگوتەی سەرۆکی لیژنەکانی ئابووری لە شاروشارۆچکەکان کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، لەو مانگەدا کارەکانی خۆیان فراوانتر کردووە و بەوردی چاودێری بازاڕ دەکەن و سزای ئەوانە دەدەن کە سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکەن و نرخی کەلوپەل بەرز دەکەنەوە.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لیژنەکانی چاودێری بازرگانی لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەناو بازاڕدا دەبن، بۆ چاودێری نرخی کەلوپەل لە بازاڕ، بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک نەتوانێت نرخی کەلوپەل گران بکات، ئەگەر گرانیش بکات سزا بدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ھەر لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان لیژنەکانی ئێمە دەستبەکار بوونە و بەدواداچوون بۆ نرخی کەلوپەل دەکەن، ھەر بازرگانێک دەستکاری نرخی کەلوپەل بکات، یان کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان سزا دەدرێت، چونکە بەداخەوە ھەندێک کەس مانگی ڕەمەزان بە دەرفەت دەزانن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل، یان کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بفرۆشنە ھاووڵاتییان، بۆیە تیمەکانی بازرگانی بەوردی چاودێری بازاڕ دەکەن و ھەر کەسێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
مامۆستا ڕەشاد ئەحمەد، مامۆستای ئایینی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: مانگی ڕەمەزان مانگی خێر و خێراتە، مانگی ڕەحمەت و بەرەکەتە، پێویستە ھەر ھاووڵاتییەک لە بازاڕ بە سەروەت و سامانی خۆی، دڵی خەڵک خۆش بکات و بە ھەرزانی بفرۆشێت، چونکە لەو کاتەدا کە کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت پێویستی بە ھەرزانی بازاڕ ھەیە.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: ھەر کەسێک شتێک ڕابگرێت، بۆ ئەوەی بە گرانی بفرۆشێتەوە، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئەوە حەرامە و ئایینی ئیسلام نەھی لەو کەسانە کردووە، وەکو ڕیبایە، چونکە بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر خەڵک گران دەکات.

