ئەمرۆ یەكشەممە 2026.2.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشداربوو لە دووەمین کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، كە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە پاڵپشتی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان بە هاوبەشی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ و كاروباری پەنابەران ڕێكخرابوو و ئامانجی لێی بریتی بوو لە لێکۆڵینەوەى وردی پرسی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هاوکاریکردنی حکومەت لە بەهێزترکردنی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەى ئەو ماددانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
لەكۆنفرانسەكەدا، كە ژمارەیەكی زۆر لە وەزیر و بریكاری وەزارەت و بەرپرسانی دیكەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، تێیدا چەند پانێڵەک سەبارەت بە ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ڕۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، بە بەشداریی لایەنەكانی حکومەتی و نوێنەرانی دەرەکی و ڕێکخراوەکان پێشکەش كران و پاپەندبوونی هەموو لایەنەكان بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش و بوونی هەماهەنگییەکی زیاتر لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و گوونجاندنی ڕەوشی ناوچەکە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، دووپات کرایەوە.

