ئەمڕۆ پینجشەممە 2026.2.12، بە ئامادەبوونی فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەكی تر لە دادوەران و سەرۆك و ئەندامانی سەندیكای پارێزەران، لە ڕێورەسمێكدا لە باڵەخانەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بەمەبەستی پەرەپێدانی ژێرخانی تەكنەلۆژی و بەدیجتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان و چاكسازی و نوێگەری لەكەرتی كارگێری و یاساییدا، پڕۆژەی جودی، كە بە یەكەمین مۆدێلی ژیری دەستكردی یاسایی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت ڕاگەیندرا. ئەو پڕۆژەیە تونای پێشكەوتووی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ستراتیژی گرنگ بە پارێزەران و سیستەمی دادوەری و دامەزراوە فەرمیەكان هەیە و ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی كارایی و ڕەوانی و خێراییە لە جێبەجێكردنی ئەركاندا.
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە ڕاگەیاندنی ئەو سیستەمە نوێیە كە بەرەوپێشوەچوونێكی گرنگە لە بواری یاساییدا بەشێوەیەکی گشتیی، ئومێدی خواست ئەو پڕۆژەیە ببێتە یاریدەدەرێکی بەهێزی پارێزەران و دامەزراوە یاسایی و فەرمیەکان و گەڕان و شیکردنەوەی یاسایی و کورتکردنەوەی کەیسەکان و دۆزینەوەی بەڵگە و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە دادگاکاندا و ڕێکخستنی خێرای دۆسیەکان و ئاسانکاری بۆ دادوەران.

