رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگای هەولێر: دەوام کەم دەکرێتەوە و چاودێری بازاڕ توند دەکرێت

پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی بۆ مانگی ڕەمەزان دەرکرد و ڕایگەیاند، دەوام کەم دەکرێتەوە و چاودێری بازاڕ توند دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی شوبات، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگار، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕەوشی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان کرا و بۆ ئەو مەبەستە 11 بڕیاری گرنگ دران.

بڕیاردرا لە مانگی ڕەمەزاندا، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کەم بکرێتەوە و دەوام لە کاتژمێر 9ـی بەیانییەوە دەست پێ بکات.

پارێزگاری هەولێر جەختی لە توندکردنی چاودێری بازاڕ کردەوە. لیژنەکانی قایمقامیەت، بازرگانی و تەندروستی ڕاسپێردراون کە ڕێگری لە هەر جۆرە گرانکردنی نرخ و یاریکردن بە بازاڕ بگرن. هەر کەسێک ئەم مانگە بقۆزێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخ، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

هەروەها بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، هەڵمەتێکی توند بۆ پشکنینی کۆگاکانی خۆراک و دەرمان و مارکێتەکان دەست پێ دەکات. هاوکات لە بازگەکانەوە چاودێری ورد دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوردەکردنی هیچ کەلوپەلێکی ماوەبەسەرچوو نەدرێت.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: تیمەکانی شارەوانی زیاتر لە ڕۆژانی ئاسایی کار بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان دەکەن. هەروەها کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی گۆشتی تەندروست دەگرێتەبەر.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند: هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و هاتووچۆ لە شەوانی ڕەمەزاندا لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی ئارامی شار. هەروەها بڕیاردرا بازاڕی شەوانەی ڕەمەزان لە سەنتەری شار بە شێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر لە ساڵانی ڕابردوو بکرێتەوە.

پارێزگای هەولێر باسی لەوەش کرد: لە 10 شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا، دەرگای مزگەوتەکان تا نوێژی بەیانی کراوە دەبن. جەخت کراوەتەوە کە تەنها پێشنوێژ و وتارخوێنە فەرمییەکان بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینییەکان و تەراویح بەڕێوەبەرن.

ئەم بڕیارانە لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی سەقامگیری بازاڕ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دەرکراون.