رۆژنامەی ھەولێر

کتێبی “بۆ مێژوو”ـی سەرۆک بارزانی پڕفرۆشترین کتێبی ساڵ بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کتێبی “بۆ مێژوو”ی سەرۆک بارزانی باس لە ڕووداوە جیھانییە گەورەکانی مێژووی دوور و نزیک لەبارەی کورد و کوردستان دەکات، لە ھەمانکاتدا باسی چارەنووسی کورد و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و ڕەھەندە دەستووری و یاساییەکانی ڕیفراندۆم و پێشێلکارییەکانی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و زۆر پرسی دیکە دەکات، شارەزایانی بواری مێژوو، دەڵێن، پەرتووکەکە بەڵگەیەکی تەواو دیکۆمێنتارییە بۆ مێژووی خەباتی کورد، ئەوەش ھۆکار بووە کە پڕ فرۆشترین پەرتووکی کتێبخانە و پێشانگەکان بێت.

سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و ئەزموونی فراوانی نووسینی پەرتووکەکانی سەرنجی زۆرترین خوێنەری بۆ خۆی ڕاکێشاوە جگە لە پەرتووکخانەکان، لەسەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بە زمانی کوردی، بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی و لاتینی، ھەروەھا بە زمانەکانی (عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و تورکی) بە شێوەی PDF بەردەستە بۆ خوێنەران.
بۆ زیاتر ئاشنابوونی گەنجان لەسەر ڕۆشنبیری سیاسی و سیاسەتی سەرۆک و مەرجەعی کوردستان، لقەکانی پارتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ساڵانە پێشبڕکێی زانستی بۆ گەنجان و قوتابییان ساز دەکەن، بۆ ئەوەی زیاتر شارەزای مێژوو و خەباتی گەلی کورد بن.
مەحموود ئەحمەد، شارەزای بواری مێژوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەم کتێبە زۆر بە باشی باسی سەرەتای سەرھەڵدانی پرسی کورد دەکات، کاریگەریی ڕووداوە گەورە جیھانییەکانی مێژووی دوور و نزیک لەبارەی کورد و کوردستان دەخاتەڕوو.
ئەو شارەزایەی بواری مێژوو، ئاماژەی بەوەشکرد: کتێبەکە سوودی زۆر بە مێژووی کورد و کوردستان دەگەیەنێت، دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئەو کەس و لایەنانەی توێژینەوەی زانستی لەسەر کورد و کوردستان دەکەن.
سیامەند ڕەشید، مامۆستای مێژوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەو پەرتووکە باسی خۆراگری کورد دەکات، لە ھەمان کاتدا باس لەوە دەکات کە کوردستان ھەموو بنەمایەکی تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت، وڵاتی خۆمان ھەیە، سنوورەکان دیارن ئاڵا و زمان و کلتووری خۆمان ھەیە، ھەموو پێکھاتەکانی ناو وڵات مافەکانیان پارێزراوە و بە ئازادانە دەژین، ھەروەھا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو فاکتەرانەی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو بەھۆی لکاندنی باشووری کوردستان بە وڵاتێکی دەستکردەوە، پرۆسەی سیاسیی لە دەوڵەتی عێراقدا سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و لەو کاتەوەشی کوردستان بە عێراقەوە لکێندراوە، سەروەت و سامانی کوردستان تەخشان و پەخشان کراوە و بۆ کاولکردنی کوردستان بەکارھاتوون، لە سیاقی ئەم مێژووە دوور و درێژەدا، سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا زنجیرەبەندییەکی مێژوویی بۆ کردووە و، ھەموو ئەو ھۆکارانەی خستۆتەڕوو کە ئامانجی ھەموو شۆڕشەکانی کوردستان ھەر لە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی ھەتا شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفید ھەمووی لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بووە، لەمەش زیاتر بۆ یەکەمین جار ئەو بەڵگە مێژووییانەی خستۆتەڕوو سەبارەت بە ھەوڵەکانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بە سەردانی بۆ ڕووسیای قەیسەری و پاشانیش کۆبوونەوەی لەگەڵ مەندوبی بەریتانی بۆ ئەوەی سەردانی شا جۆرج بکات و پشتیوانی شۆڕشەکەی بکات، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت.