یەكێتیی نووسەرانی كورد وەكو رێكخراوێكی ئەدەبی و كلتوری مێژوویەكی شەرەفمەندانە و پڕ لە شكۆی هەیەو لە هەموو قۆناغەكانی مێژووی خۆیدا هەمیشە لە بەرەی گەلدا بووەو بەشێك بووە لە بزاڤی نەپساوەی رزگاریخوازی كوردایەتی چ لە سەردەمی شار و چ لە سەردەمی شاخدا.هەمیشە پەیامی ئازادی و ئاشتی و پێكەوەیی بووەو پشتگیریی لە پێكەوەژیان و فرەكلتوری كردووە. لە 56 ساڵەی تەمەنی خۆیدا لە هەموو ئەو نەهامەتییانەی رووبەرووی میللەتەكەمان بۆتەوە هەڵوێست و پەیامی خۆی بووە.هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە هەموو نووسەرانی كورد دەكەم.
لە دوای هەشتەمین كۆنگرەوە لە 2010 ئەو دەستەیەی ئێمە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان چالاكی ئەدەبی و رۆشنبیرییمان پێشكەشكردووەو نزیكەی 150 كتێبمان بۆ نووسەرانی پارچەكانی كوردستانی كورستان چاپكرد و زیاتر لە هەشت كۆنفرانسی گەورەی ئەدەبی بۆ ژانرە ئەدەبییەكان و كەسایەتییە ناودارەكانی میللەتەكەمان سازكردو بە دیدێكی كوردستانیی گەورە كارمان كردووەو وستوومانە دەنگی هەموو كوردان بین. لە 2010- تاوەكو 2021 سەردەمێكی زێڕین بوولە بەسەركردنەوەی نووسەران و بەگەڕخستنی ئەدەبی كوردی و پێوەندی رۆشنبیریی لەگەڵ ئەوانی تردا.ئەمە ئەو راستییە دەسەلمێنێ،ئەگەر پاڵپشتی و دەسگرۆیی حكومەت هەبێت بێگومان یەكێتیی نووسەران دەتوانێ ببێتە ماڵ ومەكۆیەك بۆ ئومێدی نووسەران. من زۆرجار دەڵێم نووسەران پرۆژەی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازییان نییە،تەنیا خەون بەوە دەبینن،كتێبەكانیان چاپ بكەن. ئازادییان هەبێت بۆ رادەربڕین و نوێخوازی.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دەبێ دەسخۆشی لە لقەكانمان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركوك بكەین، بەو بێ ئیمكانیاتەی خۆیان هەفتانە كۆڕو سیمیناریان بۆ نووسەران سازكردووە.
ئەمڕۆ مەڵبەندی گشتیی یەكێتیی نووسەران لە هەموو كاتێك بێنازترەو هیچ هاوكارییەكی ماددی مانگانەی لە حكومەت نییەو گۆڤارێكی مانگانەی هەیە بە سواڵ و سەدەقە دەردەچێت و سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی تا ئێستا بەدەممانەوە هاتوون و سەدجار ماڵیان ئاوابێ لەسەر ئەركی خۆیان گۆڤارەكەیان بۆ چاپكردووین. هەر ژمارەیەك دەرەدەچێ دەگەشێینەوە و خەمی ژمارەی داهاتوومانە دەبێ یەكێ بدۆزینەوە و لە كەرەمی بۆمان چاپ بكات. هیوادرم لە ئەرك و موعاناتی ئێمە تێبگەن.خەونمان زۆرەو دەستمان كورتە.
هیوادارین بەزووترین كات بیر لە سازكردنی كۆنگرەی یەكێتیی نووسەرانی كورد بكرێتەوە،بەڵكو ئاسۆیەكی روونی بە روودا بكرێتەوە.
پرۆفیسۆر د.هیمداد حوسێن
سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد

