رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، بۆ هەواڵپرسین، سەردانی کەسایەتی دیاری ئەکادیمی دکتۆرە شوکریە رەسولی کرد

ئەمشەو سێشەممە رێکەوتی 10.2.2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سیروان عوسمان بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ماڵەکەی خۆیدا بەمەبەستی بەسەرکردنەوەو هەواڵپرسین، سەردانی کەسایەتی دیاری ئەکادیمی د.شوکریە ڕەسولی کرد…

پارێزگاری هەولێر، هیوای ساغ و سەلامەتی بۆ دکتۆرە شوکریە رەسول خواست و باسی لەو خزمەت و ماندوبوون و چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرى و زانستیانەی دکتۆرە شوکریەی کردو، جەختی کردەوە، کە دکتۆرە کەسایەتییەکی دیارەو خۆشەویستیەکی تایبەتی هەیە لە شاری هەولێر، بەهزرو ئەندێشەی ڕەسەنایەتی خۆی خزمەتێکی زۆری وشەی کوردی و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی کردوە، هاوکات چەندین نەوەی بە چەکی زانست فێری وانەی نەتەوایەتی کردووە …

زیاتر ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو ماندوو بوونەی دکتۆرە شوکریە لە زانکۆ و رێکخراوەکان و چالاکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری پێشکەشی کردووە، مایەی ڕێز و پێزانییە و کار و بەرهەم و ڕەنجی مایەی شانازی هەموو کوردێکە …

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆرە شوکریە رەسول،ئەو بەسەرکردنەوەی پارێزگاری هەولێری بەبەرزی نرخاندو دووپاتیکردەوە،کە لە نێوەندی زانکۆو بواری کۆمەڵایەتی و کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانی حیزبی و حکومیدا باسی لێوەشاوەیی پارێزگاری هەولێر دەکرێ، ئەوەش بەو مانایە دێ ، کە پارێزگاری هەولێرخۆی لە هەموو بزاوتە مەیدانیەکان سەلماندووەو بۆتە دیفاکتۆی کەسایەتییەکی دیاری کوردستانی …

شیاوی باسە دکتۆرە شوکریە رەسول جگە لەوەی پسپۆرو مامۆستابووە لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەددین و ماوەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، هاەکات پارێزەرێکی دڵسۆزی مافەکانی ئافرەتان بووە و چەندین کتێبی دەربارەی فۆلکلۆری کوردی و رەخنەو ئەدەبیاتی کوردی بڵاوکردۆتەوەو سەرپەرشتی دەیان نامەی ئەکادیمی ماجستێرو دکتۆرای کردووە ….