رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی دارایی: حکوومەتی عێراق زیاتر لە 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە

دوای ناردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق زیاتر لە 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی شوبات، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕی ( 931،257،000،000) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو بڕە پارەیە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکوومەتی فیدراڵ، لە چوارچێوەی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی مانگانە بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی دروستی دەکات، بۆ ئەم مانگەش بڕی ( 36،360،864،000) دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە و ڕەوانەی نەکردووە.

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەو بڕە پارەیە شایستەی دارایی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە 8 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانییە کە لە ساڵی ڕابردوودا خانەنشین کراون و لە مانگی کانوونی دووەمدا دۆسیەکانیان تەواو کراوە و داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە، بەڵام بەغدا تەنیا یەک مووچەی بۆ ناردوون و شایستەی مانگەکانی تری بۆ خەرج نەکردوون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تیمەکانی وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵن و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە لە نزیکترین کاتدا.