ئێوارەی ڕۆژی شەممە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان، دکتۆر ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەگەڵ ھەڤاڵانی لقی ٧ی پارتی و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردستانی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، دکتۆر ھێمن ھەورامی بە وردی تیشکی خستەسەر ستراتیژییەت و ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی سەبارەت بە دۆخی سیاسی ھەرێم، ھۆکارە بابەتییەکانی پێکنەھێنانی کابینەی دەیەم و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
ھەورامی ئاماژەی بە سەرکەوتنی گەورەی پارتی دا لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم و عێراقدا، کە تێیدا متمانەی پتر لە ملیۆنێک و سەد ھەزار دەنگدەری بەدەستھێنا، ئەمەشی وەک بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر بۆ ڕەوایی و پێگەی بەھێزی جەماوەریی حزب لەقەڵەم دا.

