ڕائیب جادر – هەولێر
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەتایبەت قەزاکانی چۆمان، مێرگەسۆر، سیدەکان و ڕواندز سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی کوردستان پێکدێنن، سەرچاوە بەفرینەکان، ڕووبار، تاڤگە و کانیاوەکان سامانێکی گرنگی ئاو بەرھەم دێنن، دوای ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بۆتە ھۆکاری بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاوی ژێر زەویشی تێرکردووە، ئەمەش دڵخۆشی دانیشتووانەکەی لێکەوتووتەوە، بەتایبەتی ئاژەڵدار و جووتیاران.
ساڵانە لە وەرزی باران باریندا ڕووبار و کانیاوەکانی ئەم ناوچانە ئاوێکی زۆریان لەبەر دەڕوات، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا ھیچ بەنداوێک بۆ گڵدانەوەی ئاو نییە، بۆیە وەکو پێویست سوود لە ئاوی ڕووبارەکان وەرنەگیراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی چەند بەنداوێکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە، بەڵام ھێشتا نەکەوتوونەتە واری جێبەجێ کردنەوە. بەختیار مەحموود، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ باس لە گرنگیی بەنداوەکان دەکات و بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سوودەکانی بەنداو سەرەتا بۆ کەرتی کشتوکاڵە لەڕێگەی ئاودێرییەوە، ھەروەھا سوودی ڕاستەوخۆی بۆ خەڵک، بەخێوکردنی ماسی، گەشتوگوزار، ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی کەشوھەوا ھەیە.
بەشی زۆری شار و شارۆچکەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ دابینکردنی ئاوی پاک سوود لە سەرچاوەکانی تاڤگە و کانیاوەکان دەبینن، شاری سۆران و ڕواندز بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان سوود لە ئاوی بێخاڵ وەردەگرن، دانیشتووانی چۆمان سوود لە ئاوی پڕژە وەردەگرن، بۆ سیدەکان و مێرگەسۆر و خەلیفان بە ھەمان شێوەیە، بۆیە ئەم ئیدارەیە باشترین شوێنی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ دانیشتووانەکەی.
ئەم ناوچەیە خاوەن تایبەتمەندییەکی دەگمەنە بۆ سامانی ئاو و زۆرترین دابارینی ھەیە و بەھۆی شاخە بەرزەکان و کوێستانە سازگارەکانی و بەرزی و ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەی بەفری چوار وەرز لە شاخەکانی دەمێنێتەوە، ئەوەش وای کردووە ڕووبار و کانیاوەکانیش ھەمیشە پڕ بن لە ئاو، ئەوەش دیمەنێکی جوانیان بەو ناوچانە بەخشیوە و گەشتیاران بەڵێشاو بۆ بینینی دیمەکان ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن و وێنەی یادگاری دەگرن.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرنجڕاکێشترین گۆڕانکاری کەشوھەوای بەخۆوە بینیوە، بۆ نموونە قەزای مێرگەسۆر ساڵی ڕابردوو لەم کاتانەدا تەنھا ٢٠٦ ملم بارانی لێ باریبوو، لەگەڵ ١٤ سم بەفر، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەکە زیاتر لە ٧ ھێندە زیادیکردووە و تائێستا ١٠٤٢ ملم باران و ٢٦٦ سم بەفر باریوە، ئەم داتایانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ باشتربوونی دۆخی ئاو و نەمانی مەترسییەکانی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم وەرزە.

