رۆژنامەی ھەولێر

لە ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ دوو کەسی بریندار بوون

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران ڕایگەیاند، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگەی سەرەکیی سۆران – خەلیفان ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.

ڕۆژی شەممە 7ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران ڕایگەیاند، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سۆران – خەلیفان، نزیک گەلیی عەلی بەگ ڕوویدا.

هاتوچۆی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کرۆلا و بارهەڵگرێکی جۆری سکانیا بووە و بەهۆی ڕووداوەکە دوو کەس بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و گیانی هاووڵاتییان.