ڕائیب جادر – هەولێر
شەڕ و ئالۆزیەکانی ناوچەکە و گرانبوونی بەھای دۆلار، زێڕ و زیو کاریگەری ھەبووە لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو. وەکو بەشێک لە خاوەن نووسینگەکان، دەڵێن، ئێستا بەشێوەیەکی گشتی جموجۆڵی بازاڕ کەمە، ئەوەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرێدراوە بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
مەھدی ئیسماعیل، خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فۆشتنی زەوییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بازاڕی خانوو و زەوی وەکو ھەر بازارێکی دیکە داکەوتووە و بازاڕ یەکجار لاواز بووە، ئەوەش ھەموو ھۆکارەکەی بۆ ئەو بارودۆخەی لە عێراق و ناوچەکە ھاتووتە پێشەوە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی بارودۆخی ڕۆژئاوا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ئەوانە ھەموو کاریگەری خۆیان ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێستا ئەگەر ھاووڵاتییان زەوی و خانوو بکڕن باشترین شتە و پەشیمان نابنەوە، چونکە لە دواڕۆژدا دەتوانێت بە نرخێکی گرانتر بفرۆشێت و زەرەر ناکات، بۆیە ئێستا کڕینی زەوی و خانوو لە کڕینی دۆلار، زێڕ و زیو باشترە و ھاووڵاتییان زەرەر ناکەن.
دەشڵێ: گرژیەکانی ئەمریکا و ئێران کاریگەری ھەبووە لەسەر نرخی زەوی و خانوو، بۆیە ئەگەر بارودۆخی سیاسی باش نەبێت، کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووش باش نابێت و خەڵک ئەگەر زۆر پێویست نەبێت ناکڕێت.
نیھاد بەختیار، خاوەن نووسینگەیەکی دیکەی کڕین و فڕۆشتنی زەوی و خانووە لە دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دۆخی ئێستای مامەڵەی کڕین و فڕۆشتنی خانوو و زەوی ھەمان ئەو دۆخەیە کە لە دوای شەڕی داعش ھاتۆتە ئاراوە، مامەڵەکردن لە نزمترین ئاستدایە و زۆر لاوازە، خواست لەسەر خانوو زۆر کەمە، تەنیا کەمێک خواست لەسەر زەوی ھەیە، ئەویش ئەو جۆرە زەویانەی کە خزمەتگوزاریان ھەیە، بەڵام ئەو جۆرە زەویانەش نرخیان بەرزە، ئەمە لە کاتێکدایە پێش تێکچوونی بارودۆخی سووریا و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، نرخی زەوی و خانوو بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەرزبووەوە و بازاڕی کڕین و فرۆشتن زۆر گەرم بوو و ڕۆژانە چەند گرێبەستێکی کڕین و فرۆشتنمان دەکرد، بەڵام ئێستا بازاڕ بەتەواوی کز بووە.

