رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێرەوە 1000 کتێبی دیکە بە کتێبخانەی چەمچەماڵ دەبەخشرێت

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەخشین و هاوکارییەکان بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ جاری دووەم هەزار کتێب دەبەخشرێتە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 3ـی شوباتی 2026، به‌ سه‌رپه‌رشتی و ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، سیروان عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، ناز فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتیی هه‌ولێر (کتێبخانەی زه‌یتوون) و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە چوارچێوەی ئەو بەخشین و هاوكارییانەی پارێزگای هەولێر بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ دەیبەخشێت، كە بەهۆی لافاو زەرەر و زیانی زۆر بە خەڵكەكە و شارەكە گەیشت، لەناویشیاندا بە كتێبخانەی چەمچەماڵ.

لە ڕێوڕەسمێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ جاری دووەم (1000) هه‌زار كتێبی بە ناونیشانی جیاجیا ڕادەستی كتێبخانەی گشتی هەولێر (كتێبخانەی زەیتوون) كرد، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنیان به‌ كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر ستایشی ئه‌و هاوکارییەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر كرد و گوتی: “خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ شایه‌نی شتی به‌نرخن و كتێبیش كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌نرخه‌ و هۆكارێكه‌ بۆ فراوانبوونی زوخاوی مێشكی مرۆڤه‌كان”.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی هەولێر لە دێر زەمانەوە وابەستەی ڕۆحی هاریکاری بوونە و ئێستاش و لە ئایندەش هەر خودان ئەو مۆڕاڵە دەبن.