ڕائیب جادر – هەولێر
پاش شەڕ و ئالۆزیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان حکوومەتی کاتی سووریا و ھێزەکانی ھەسەدە، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی ئەوانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون لە نێو کەمپی ھۆڵ و کەمپەکانی دیکەدا بن. بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، دەڵێت: نزیکەی ٤٠٠ ھاووڵاتیی کوردی ئێزدی لەنێو کەمپی ھۆل و کەمپەکانی دیکەدان، بەھۆی زاڵبوونی ژنانی داعش و گۆڕینی ناسنامەی منداڵەکان، پرۆسەی دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئافرەت و منداڵانی ڕفێندراوی ئێزدی تووشی ئاستەنگییەکی گەورە بووەتەوە.
کەسوکاری ئەو کەسانەی لە دەستی داعش دانە بەردەوام داوا دەکەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ یوئێن بەجیددی بەدوای کچ و ژنانی ئێزدی بگەڕێن تاکو ئازاد بکرێن، چونکە ئەو لەو باوەڕەدانە ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری ئەوان تا ئێستا لە سووریا ماون.
سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین لیژنەیەک پێکبھێنێت بۆ گەڕان بەدوای منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی ئەوانەی تا ئێستا لە دەستی داعش و کەمپەکاندانە، کە پێشبینی دەکرێت لە نێو کەمپی ھۆل و کەمپەکانی دیکەی ئەو وڵاتە ھەبن تاکو ڕزگار بکرێن.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، دەشڵێ: بۆ ئەم کەیسە دەبێت لەم قۆناغە ھەستیارەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوشار لە حکوومەتی سووریا بکات، لە ھەمانکاتدا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوەکان کار بکات و لیژنەیەک پێکبھێنێت و لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەو ئێزدیانەی کە ونبوونە لە کاتی ھاتنی داعش بۆ شنگال بکات تاکو چارەنووسی ئەوان بزانین و ئەوانەی ماون لەناو کەمپی ھۆڵ و کەمپەکانی دیکەنە بدۆزینەوە و بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان.
زیاتر لە ٣٥٩٣ کچ و ژنی ئێزدی لەڕێگەی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی تا ئێستا ڕزگار کراون، کاری گەڕان و ڕزگارکردن لەلایەن نووسینگەکەوە تا ئێستاش بەردەوامە. حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەڕێگەی بانگەوازێکەوە کە ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەتیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ھەر کەسێک لە ڕۆژئاوای کوردستان زانیاری لەسەر بێسەروشوێنبووانی ئێزدی لە کەمپی ھۆل یان ھەر ناوچەیەکی دیکە ھەبێت، ئاگاداریان بکاتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، گوتیشی: کارمەندانمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکەن، پێشتر زانیاریمان ھەبوو کە ژمارەیەک ئافرەت و منداڵی ئێزدی لەو کەمپەدا بوون، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەواڵێکی نوێ لە بارەیانەوە نییە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەو نووسینگەیە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٤٠٠ کوردی ئێزدی لەنێو کەمپی ھۆلدا مابن. قائیدی، جەختی لەوەش کردەوە کە لەناو کەمپی ھۆلدا جۆرە باڵادەستییەکی داعش ھەیە کە لەلایەن ژنانی تیرۆریستانەوە بەڕێوەدەبرێت لەوێ زیندانیکردن و کوشتنیش ھەیە.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم ناسینەوەی ڕفێندراوەکاندایە و گوتی: دوو جۆر ئێزدی لەنێو کەمپەکەدا ھەن، بەشێکیان ناوێرن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن، پێیانوایە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی ڕزگار کراون تا ئێستا ھیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی ئەوان نەبووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ڕۆحانی بڕیاریدا ھەر کەسێک ڕزگار بکرێت، ئەو کەسە بە ئازادانە دەگەڕێتەوە ناو کەسوکاری خۆی و وەکو کەسێکی دیکەی ئاسایی دەژیت، بۆیە ھەر کەسێک بگەڕێتەوە مەترسی لەسەر ژیانی نابێت و بە گەرمترین شێوە پێشوازی لێ دەکرێت، بەشەکەی دیکەشیان ئەو منداڵانەن کە لەوێ گەورە کراون و ناو، ئایین و زمانیان گۆڕدراوە، ئەمەش وای کردووە ناسینەوەیان زۆر ئەستەم بێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، زیاتر دەڵێت: دوای ئەو جینۆسایدەی بە سەری ئێزدییەکان ھات وەکو نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش ئامارێکمان دروست کرد، بەپێی ئامارەکە ٦٤١٧ ئێزدی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون، کەوتبوونە دەست داعش، تا ئێستا ٣٥٩٣ کەس لەوانە ڕزگار کراون، ٢٨٢٤ کەسیش ماون ڕزگار بکرێن.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی عێراق لە بابەتی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لەگەڵ ئێمە نییە و بەھیچ شێوەیەک ھاوکاری ئێمەی نەکردووە، زۆرجاریش داوامان کردووە کە ھەماھەنگی ھەبێت، بەڵام بابەتی گرتنی ئێزدییەکان لای حکوومەتی عێراق بە گرنگ وەرنەگیراوە، تەنیا حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ نووسینگەکەمان ھاوکارە بۆ ڕزگارکردنی کەسوکاری ئێمە کە تا ئێستا لە دەست داعش و شوێنەکانی دیکەنە، ئێستاش ھەر ھەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بنرێت ئێمە وەکو نووسینگە ھەماھەنگ دەبین بۆ ڕزگارکردنی منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی.

