ڕائیب جادر – ههولێر
سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی بینی لە نێوەندگیری ھەسەدە و حکوومەتی سووریا بۆ ئاگربەست و ئاشتەوایی، سەرۆک بارزانی شانبەشانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کاری لەسەر ئاگربەست کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، کە مەبەستییەتی ئەو ڕێککەوتنە ببێتە چوارچێوەیەک کە مافی گەلی کورد لە دەستووری داھاتوودا پارێزراوبێت. چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پشتیوانییەکانی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و یەکڕیزی کورد، حکوومەتی سووریای ناچارکرد لە بری شەڕ ڕێککەوتن ھەڵبژێرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی ھەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی بڕیار بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ناوەندە سیاسییەکان و میدیاکان جەخت دەکەنەوە کە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان ھەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان حکوومەتی سووریا و ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە)، ئەم ھەوڵانە بوونە ھۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە نەک ھەر کۆتایی بە پێکدادانە چەکدارییەکان ھێنا، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی نوێی بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوەکان و سەقامگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدوادا ھات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلمەدا، ھەوڵێکی کارای ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھەبووە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کە تێیدا سەرۆک بارزانی وەک چەقی قورسایی ئەو گفتوگۆیانە دەرکەوتووە.
ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سەرکەوتنە ئەنجامی ھەماھەنگییەکی چڕ بووە لەنێوان نێردەی ئەمریکا، تۆم باراک و پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی و لایەنی تورکیا.
ھاوکات ڕۆژنامەی ئەلمەدا لە زاری شێرزاد حوسێن، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، گواستوویەتییەوە کە سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی بێدەنگ و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا، قەتەڕ، ئیتالیا (ڤاتیکان) و نێردەی ترەمپ، توانیویەتی ناوچەکە لە خوێنڕشتن بپارێزێت، بارزانی ھەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیالۆگ و دانوستان تاکە ڕێگەی مسۆگەرکردنی مافەکانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، سەرۆک بارزانی خۆی پێشوازیی لەم ڕێککەوتنە کرد و ھیوای خواست ئەمە ببێتە کۆتاییەک بۆ ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا، ھاوکات لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێرانی سیاسی بۆ ڕۆژنامەی ئەلمەدا دووپاتیان کردەوە کە قورسایی سیاسیی ھەولێر و سەرۆکایەتییەکەی، فاکتەری سەرەکی بوون لە فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە ئەرێنییە.
سالار کامەران، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەمڕۆ چاوی ھەر کوردێک و جیھان لە ھەرێمی کوردستانە، چونکە تاکە ناوچەی ئازادە کە خاوەن پەرلەمان و حکوومەت ئاڵای دانپێدانراوی خۆی بێت، لە ھەمان کاتدا ھەوێنی دروستکردنی کیانێکی کوردی سەرتاسەرییە، ھەبوونی حزبێک وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەیەکی وەکو سەرۆک بارزانی کە لێڤەگەڕ و مەرجەعی گەلی کورد بێت، خۆ بە خاوەنی ھەموو کوردستان دەزانێت، بۆیە ھەموو خەڵکی کوردستان بە ھەر چوار پارچەوە سەرۆک بارزانی بە خاوەنی خۆیان دەزانن، دەزانن ھەرێمی کوردستان کلیلی چارەکردنی پارچەکانی دیکەشە، ئەو کێشە و ئالۆزیانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دروست بوون دیمەشق و ئەمریکا پەنایان ھێنایە بەر ھەولێر بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن دروست ببێت و وەکو نوێنەری کورد ڕەفتارێکی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و ھاوکارییەکانی دەزگای خێزخوازیی بارزانی جێگای دڵخۆشی و ھیوای دووبارە ژیانەوەی کورد بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، ھاوکات کۆدەنگی و یەکڕیزی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە پاڵپشتییەکی گەورە بوو بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوا پارێزراو بێت و کۆمەڵکوژ نەکرێت.
جیھاد حوسێن، چاودێرێکی دیکەی سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەر کاتێک کورد کەوتە ڕەوشێکی ناخۆشەوە ھەموو سەرکردە و لایەنی سیاسی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دێنە ھەولێری پایتەخت، بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی بڕیار بدات و کێشە و ئالۆزیەکان بەڕێگەی دیالۆک چارە بکات.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ئەمڕۆ بۆ ھەموو ھێز و لایەنەکان دیار بوو تاکە لایەن و مەرجەع تاکە شوێنی بڕیار کە ئەمڕۆ خەڵک و دەوڵەت و شەڕعیەتی کوردایەتی لا بێت لەڕێگەی سەرۆک بارزانییە، چونکە سەرۆک بارزانی خەمخۆری ھەر تاکێکی کوردە جا لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت، بۆ پرسی ڕۆژئاواش ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە شتێک نەدەما بەناوی ئەو بەشەی کوردستان، جگە لەوەش کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دەکرا، بۆیە لە ھەموو کاودانەکاندا یەکەمین کەس کە خەم لە میللەتەکەی بخوات سەرۆک بارزانی و ئەو ڕێبازە پیرۆزەیە.
جیھاد حوسێن، ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی ھیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە، لە پەیامەکانیدا ھەمیشە جەختی لە ئاشتی کردووەتەوە، خۆشبەختانە لە کۆتاییدا ھەوڵەکانی بە ئامانج گەیشت و کورد لەو پیلانی لەناوبردنە ڕزگار کرا، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو یەکڕیزییەی کورد نەبوایە، کارەسات ڕووی دەدات.
فادی مەرعی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئایندەی کورد لە سووریا، ئاشکرای کرد، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە کاتی ھێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر کۆبانێ کە بە ناردنی ھێز و ھاوکارییەکان بەشدار بوو، ھاوکات ئەمجارەش پاڵپشتی کردن لە دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناردنی ھاوکاری مرۆیی لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ ڕۆژئاوا، سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی ھەمیشە وەکو چیایەک لە پشت کورد و بەتایبەتی کوردانی ڕۆژئاوا وەستاوە، ئەمەش وایکردووە کورد لە ڕۆژئاوا ھەمیشە سەرکەوتووبن و شانازی بە کوردبوون و سەرۆک بارزانییەوە بکەن.

