رۆژنامەی ھەولێر

یادی ٣٩ ساڵەی كۆچی دواییی ئیدریس بارزانی لە هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی بۆنەکانی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین) و د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ١٢ و ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیران و جەماوەری دەڤەرەکە، ٣٩ـەمین ساڵیادی کۆچی دواییی سەرکردەی نەمر، کاک ئیدریس بارزانی بەرز ڕاگیرا.

لە گوتارێکی ورددا، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵە کاریزماییەکەی کاک ئیدریس بارزانی و ڕایگەیاند، ”کاک ئیدریس ڕۆڵەیەکی لێهاتوو و دڵسۆزی بارزانیی نەمر بوو، کە شانبەشانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەختترین وێستگەکانی خەباتدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ڕێنماییە ستراتیژییەکانی ڕێبازی بارزانی بوون بۆ خزمەتی کوردستان.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە کە کاک ئیدریس تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو داڕێژەری کلتوورێکی سیاسیی نوێ بوو کە تێیدا تەبایی وەک تاقە ڕێگەی ڕزگاری دەبینرا. گوتیشی، ”ئەو توانی زمانی گفتوگۆ لە زمانی “شەڕ و سەنگەر”ەوە بگۆڕێت بۆ زمانی “یاسا و ماف”، ئەمەش گۆڕانکارییەکی مەزن بوو لە مێژووی شۆڕشگێڕیی کورددا.

عەلی حوسێن ئاماژەی بە ڕۆڵی میحوەرەیی کاک ئیدریس کرد لە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و دواتریش لە دروستکردنی “بەرەی جود” لە ساڵی ١٩٨٠، کە وەک ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی ناسرا، چونکە توانی سەرجەم دژە سیاسییەکان لە دەوری یەک ئامانج کۆبکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، عەلی حوسێن باسی لە خەسڵەتە مرۆییەکانی ئەو سەرکردە نەمرە کرد و گوتی، ”کاک ئیدریس هەمیشە وەک “کەسێکی نزیکی ناو ماڵ” تەماشا کراوە؛ سادەیی و خاکڕاییەکەی وای کردبوو هەموو کوردێک هەست بکات خزمێکی نزیکی خۆیەتی.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، پانێڵێکی تایبەت لەسەر ژیان، پێگە و مێژووی کاک ئیدریس بارزانی بۆ هەر یەکە لە (د. نەزاکەت حوسێن و م. بارزان حامید) بەڕێوەچوو. پانێڵیستەکان بە وردی تیشکیان خستە سەر وێستگەکانی خەباتی ئەو سەرکردە هەڵکەوتووە و گرنگیی ڕێبازەکەیان بۆ نەوەی نوێ و گەنجانی کوردستان ڕوون کردەوە.