رۆژنامەی ھەولێر

سیوەیلی و زایدەل جەخت لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکەنەوە

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیای لە هەولێر کرد و لەلایەن کونسوڵی گشتیی نوێی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بە مەبەستی پیرۆزبایی و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، سەردانی ماچێ زایدەل، کونسوڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیای کرد. لە دیدارەکەدا، سیوەیلی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.

لە دیدارەکەدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ کونسوڵی پۆڵۆنیا ڕوون کردەوە. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی زیاتر لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ئەکادیمیدا کردەوە.

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ پرسە ئەمنییەکان، بەتایبەت پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان و یەکێتیی ئەوروپا. هەروەها هیواخواز بوون گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن تا کاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق و هەرێم نەبێت.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، پێشهاتە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت گفتوگۆیان لەسەر کرا. هۆشیار سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش، هاوسەنگ و سازان دەکاتەوە، کە خزمەت بە هەموو گەلانی عێراق بکات و پرۆسەی دیموکراسی بەهێزتر بکات.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، ماچێ زایدەل، کونسوڵی گشتیی پۆڵۆنیا، سوپاسی پشتیوانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە دەڕوانێتە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمدا.