رۆژنامەی ھەولێر

یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی هەبوو

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە مێژوودا هیچ هەنگاوێک هێندەی یەکڕیزی بۆ کورد بەرهەمدار نەبووە و ئەگەر یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد لە مێژوودا پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی بووبێت و هۆکارێکی گرنگ و سەرەکی بووبێت لە شکست و پاشەکشەکان ئەوا یەکڕیزی ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، هاودەنگیی کورد لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی مەترسییەکانی چەند ڕۆژ و هەفتەکانی ڕابردوو بۆ دەرفەت و دەستکەوت بگۆڕدرێن.

سەرەتای ئەمساڵ دیمەشق بە هاوکاریی گرووپە چەکدارەکان و سوپا و سەرجەم هێز و باڵەکانی ویستی ئەوەی هەبوو پیلانێکی زۆر مەترسیدار لە دژی ئەو پارچەیەی کوردستان جێبەجێ بکات کە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی ئەو پیلانە بەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەستکەوتەکانی دیکەی گەلی کوردی دەگرتەوە بەڵام ئەم جارە وەک ئەوەی کورد باشتر لە مێژووەکەی تێگەیشتبێت و لێی فێر بووبێت، یەکدەنگ و یەکڕەنگ هاتە مەیدان و سەرجەم پیلانەکانی هەڵوەشاندەوە.
گەلی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات شەقامەکانی چۆل نەکردووە و ڕۆژی هەینی گەورەترین خۆپێشاندان لە هەولێر و سلێمانی و زۆربەی شارەکانی کوردستان و شارە جیاجیاکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بەڕێوە چوو و هەموو گەلی کورد بە تێکڕا هاواری یەکڕیزی و پشتیوانی لە ڕۆژئاوایان دووپات کردەوە.
تا هەفتەیەک لەمەوبەر دەستی هەمووان لەسەر دڵەکانیان بوو نەکا جاریکی دیکە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان جینۆساید بکریت و ئەوەی بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەستی هێناوە لەناو ببرێت بەڵام ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییە وێڕای بەرزکردنی ورەی شەڕڤانان و دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە هۆکاری ئەوەی حکوومەتی دیمەشقیش لەو هەنگاوانەی نایبووی پاشگەز بکرێتەوە و لە ژێر گوشاری ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکە ناچار بکریت پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکانیدا بکات و لەبەرامبەر ورەی پۆڵایینی کورد پاشەکشە بکات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر و حکوومەتی دیمەشق کراوە ژمارەیەک لیوا بۆ کورد دادەمەزرێن و تایبەتمەندیی خۆیان دەبێت. سەرەڕای هەبوونی هەندێک نیگەرانی بەڵام خاڵی زۆری ئەرێنیی لە رێککەوتنەکەدا هەن پێشتر هەوڵی سووریا ئەوە بوو شەرڤانان بە تاک تێکەڵی سوپای سووریا ببنەوە و چەکەکانیشیان ڕادەست بکەن و بچنە ژێر باڵی فەرمانەکانی شەرعەوە.
لە پرسی ڕۆژئاوا هەر چوار پارچەی کوردستان یەکڕیز بوون و لەوەتەی کورد هەیە هیندە تەبا و ڕەبا نەبووە و لە ژێر یەک گوتار و ئاڵادا خەباتی نەکردووە.
ئەم ڕۆژانە پرسێکی دیکە هەیە کە پێوەندیدارە بە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چووە بەڵام حکوومەت دانەمەزراوە کە هۆکارە سەرەکییەکەی نەبوونی یەکڕیزی بووە لە نێو لایەنە سیاسییەکان. هەرێمی کوردستان حکوومەتی خۆی دانەمەزراندووە و لە پرسی دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراقیشدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لەسەر شانە، بەڵام لە دەستنیشانکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکڕیز و یەکدەنگ نەبووە کە مایەی نیگەرانییە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار کۆ ببێتەوە بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە یەکێتی و پارتی هەر کامێکیان بە کاندیدی جیاواز بەشدارن، بڕیارێک کە لەم دۆخە هەستیارە مێژووییەی عێراق و ناوچەکەدا بە شتێکی مەترسیدار لێک دەدرێتەوە.
ئەگەر کورد بە بێ کێشە و بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان سەرۆک کۆمار دستنیشان بکات ئەوا لە دانوستان و گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی داهاتووی عێراق و داڕشتنەوەی پێوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا سەنگ و قورسایی دەبێت و دەتوانێت پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکات و دەستکەوتی دیکەش بەدی بهێنێت.
با گریمانەی ئەوەی بکەین ئەگەر کورد لە ڕۆژئاوا بەسەر دوو لایەندا دابەش بووبان و دوو گوتار و تێڕوانینی جیاوازیان هەبوایە، چ کارەساتێک یەقەی کوردی دەگرت و چۆن دستکەوتەکان لەناو دەچوون و چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتی تێدەکرد.
سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبوو لە یەکخستنی هێز و لایەنەکانی ڕۆژئاوا و هەر خۆیشی ڕۆڵی زۆر کارای هەبوو لە کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ناوبژیوانی و یارمەتیدانی سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
رۆژئاوا قۆناغە سەختەکەی بڕی و ئەمڕۆ باشوور لەبەردەم قۆناغێکی سەختدایە و هەموو چاوەکان لەسەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە تایبەتی سەرۆک بارزانین کە هەمان ڕۆڵی ڕۆژئاوا لە باشووریش بەرجەستە بکات و ویرای ڕەواندنەوەی سەرجەم مەترسییەکان یەکڕیزیی و یەکدەنگیی گەلی کورد لەم پارچەیەی کوردستان بەرامبەر بەغدا مسۆگەر بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، عیراق لەبەردەم ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکی ڕیشەییدایە لە ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی وڵات و کورد تەنیا لە ڕێی یەکڕیزییەوە دەتوانێت لەم گۆڕانکارییانەدا دەستکەوتی مێژوویی تۆمار بکات و بەرهەمی نوێ بدروویتەوە.