ڕائیب جادر – هەولێر
حزب و لایەنەکان دەستخۆشی لە ھەوڵە بەردەوام و دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی دەکەن لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ھەروەھا پێیانوایە سەرۆک بارزانی نەبوایە کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدا، ھیوادارن پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن و کار بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی بکات بە بەشداریی ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بڵاو کردەوە، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دواین پێشھاتەکان و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی سووریا، سەرۆک بارزانی، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرە دەربڕیوە کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و ھێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە. سەرۆک بارزانی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە زەروورەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریا.
لای خۆیەوە، ئەحمەد شەرع جەختی لە پەرۆشیی دەوڵەتی سووریا کردووەتەوە بۆ پاراستنی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کوردانی سووریا، ھەروەھا دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم ھاووڵاتییانی سووریا لەبەردەم یاسادا یەکسانن و خاوەنی مافی ھاوبەشن.
ھەروەھا ھەر دوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە.
نازم سیھاد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی تەنھا سەرکردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکی خۆڕاگری و چەترێکی کۆکەرەوەیە بۆ تەواوی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، ئەو سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاندووە و وەک مەرجەعێکی باوەڕپێکراو، شکۆ و ناسنامەی بۆ نەتەوەکەی پاراستووە. ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دیپلۆماسیی کاریگەری سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی جیھان بۆ ڕێگریکردن لە ھەر ھەوڵێکی قڕکردن و نەھێشتنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و ھاندانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی گەیاندووەتەوە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە گەورەترین ھاوکاری و پشتیوانی بوو بەوەی ئاوارەکان لە دۆخێکی سەختدا نەبن و خەڵکی ڕۆژئاوا باش دەزانن کێ دڵسۆزیانە، ھەر لەو ڕوانگەوە مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، لەم قۆناغەدا پێزانینێکی زۆرمان بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی ھەیە، لەکاتێکدا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ھەوڵە سیاسییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێوەندگیریی ئەمریکی، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستان و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننانەی کراون، لەنێویشیاندا پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی نێوانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا.
حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، ڕوونیکردەوە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی ھەبوو لە ھێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوا و پەرەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: ئەم ڕۆڵەی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنن کە بە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان کرد و یەکێتی کوردانی پاراست، باسی لەوەش کرد ئەم ھەوڵانەی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد و ھێور کردنەوەی دۆخەکە زۆر پیرۆزە.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی ھاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕۆڵی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک بارزانی لە ڕاوەستاندنی شەڕەکە و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە بەرز نرخاند و ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ھێنانە کایەی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ لە سووریا، ڕێگەخۆشکەر بوو کە لە ئەنجامدا ڕێککەوتنێک بۆ پاراستنی کوردان بێتە کایەوە، ئاماژەی بەوەدا ھیوادارم پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن و کار بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی بکات بە بەشداریی ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان.
بەرپرسەکەی پەیەدە باسی لەوەش کرد، ساڵی ڕابردوو، بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا شاندێکی ھاوبەشی دانوستانکار پێکھێنراوە و بەمزووانە دەچێتە دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی ھەموو مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا.
سامی ئۆشانە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ھەوڵە دیپلۆماسی و پەیامە ئاشتییەکانی سەرۆک بارزانی ڕێگرییان لە کارەساتی گەورەی مرۆیی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان گرت. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک بارزانی تەنیا پارێزگاری لە کورد نەکرد، بەڵکو بووە ھۆکاری پاراستنی کریستیان، ئێزدی و عەرەبەکان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی.
ئۆشانە، جەختی کردەوە، دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەتایبەت دیداری لەگەڵ پاپا بوونە ھۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان، سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە پەیامێکی ڕوونە بۆ جیھان کە ھەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژیی بەھێزە و ڕۆڵێکی “بنیاتنەر و ئەرێنی” لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەگێڕێت ھەروەھا دەستخۆشی لە ڕۆڵی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی و پاڵپشتی دیپلۆماسی بۆ خەڵکی گەمارۆدراوی ناوچەکە، کە ڕۆڵی گەورەی ھەبوو لە پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییانی سڤیل.
جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و گرنگی پرسی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەشڵێ: پاراستنی واقیعی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجێکی سەرەکییە بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد، سەرۆک بارزانی ھەمیشە خەمی ڕۆژئاوای کوردستانی بووە، ھەر لە سەرەتای ساڵانی ٢٠١١ تا ئێستا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەعفەر ئیمنیکی باسی لە بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە کرد و گوتی: واقیعی ڕۆژئاوا زۆر ھەستیارە و پێویستی بە پشتگیری ھەیە، چ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی پارتی و سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەسەر خەت بوون بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

