سەرۆک مەسعود بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ دەکەن و حکوومەتی ئەمەریکاش سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات لە پشتگیریکردنی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان لە سووریا.
رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە.
سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن.
لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.

