دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی هەڵمەتە مرۆییە بەردەوامەکانیدا بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ڕۆژاڤای کوردستان، ڕاپۆرتی ژمارە 8ی چالاکییەکانی تا ڕێکەوتی 31/1/2026 بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگاکە لە چەندین کەرتی جیاوازدا هاوکاریی پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە و زیاتر لە 8000 خێزان لە هاوکارییەکانی سوودمەند بوون.
کەرتی لۆجیستی و هێزی کار
بە پێی راپۆرتەکە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودی لە 307 بارهەلگر وەرگرتووە و 564 کرێکار و کارمەند بە شێوەیەکی مەیدانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارەکان بوون.
هاوکارییە جۆراوجۆرەکان و سووتەمەنی
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە لە کەرتی هاوکارییە گشتییەکاندا، 8,437 خێزان سوودمەند بوون، هەروەها هاوکارییەکان 201 قوتابخانە و 15 مزگەوتی گرتووەتەوە. سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی (مازوت)، بڕی 285,582 لیتر دابەش کراوە کە تێیدا 7,909 خێزان، 209 قوتابخانە و 12 مزگەوت سوودمەند بوون.
دابینکردنی خوارنی گەرم و کەرتی تەندروستی
دەزگاکە لە کەرتی خۆراکدا توانیویەتی 43,226 ژەمە خواردنی گەرم دابەش بکات، کە تێیدا 187 قوتابخانە و 12 مزگەوت وەک بنکەی دابەشکردن یان سوودمەند دیاریکراون. لە ڕووی تەندروستییەوە، تیمە گەڕۆک و جێگیرەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتگوزارییان پێشکەش بە 4,470 کەس کردووە لە 58 قوتابخانەی جیاوازدا.
ناوچە سوودمەندەکان
ئەم چالاکییانە سەنتەری شار و شارۆچکەکانی (قامشلۆ، دێرک، حەسەکە، گرکێلەگێ، تربەسپی، عامودا و دەربێسیە)ی گرتووەتەوە.
ئەم ئامارانە ئەو چالاکییانەیان لەخۆ گرتووە کە لە دەستپێکی کارەکانەوە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 31/1/2026 تۆمارکراون و دەزگاکە بەردەوامە لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکانی بۆ هاووڵاتیانی ناوچەکە.

